Accessibility links

بەپـێی ڕاپـۆرتەکان ناوچەیەکی حەویجە بە هێرشێـکی ئاسمانی بە تەواوی وێرانبووە


گەواهیدەران و سەرچاوە ئاسایشیـیەکان دەڵێن بەهۆی هێرشێـکی ئاسمانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا ناوچەیەکی شارۆچکەی حەویجەی ژێر دەستی داعش بە تەواوی وێرانبووە و بە دەیان کەسیش کوژراون.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز هەواڵەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت بۆردومانەکە شەوی سێشەممە کرابووە سەر شوێنێـکی دروسـتکردنی بۆمب و لە ئەنجامدا چەندان تەقینەوەی دیکە ڕوویانداوە و ئەو زیانە گەورەیەی لێکەوتووەتەوە.

بەپـێی سەرچاوەکان نزیکەی 70 کەس کوژراون.

سەرحەد قادر بەرپـرسی پـۆلیسی قەزا و ناحیـیەکانی کەرکوک بە ڕۆیتەرزی گوتووە دەیان تێرۆرست بەو هێرشە ئاسمانیـیە کوژراون لەگەڵ ژمارەیەکی نەزانراو لە خەڵکی سیڤیل.

لە لایەکی دیکە یەکێـک لە دانیشـتوانی حەویجە بە ڕۆیتەرزی گوتووە " ناوچەکە وەها وێرانبووە لەوە دەچێت بۆمبی ناوکی بەسەریدا تەقیبێت."

هەروەها شێخ ئەنوەر عاسی ئەلعوبێدی کە لەوەتای داعش شارۆچکەکەی داگیرکردووە لەوێ نەماوە بە ڕۆیتەرزی گوتووە کەسانی خێڵەکەی پـێـیان ڕاگەیاندووە ژمارەیەکی زۆر کەسی سیڤیلیش کوژراون و ناوچەی پـیشەسازی بە شێوەیەک خاپوربووە وەکو بومەلەرزەیەک لێی دابێت.

XS
SM
MD
LG