Accessibility links

فەرماندەیەکى پێشمەرگە: پێشمەرگە بەشدارى شەڕى حەویجەى ناکات


ئەمڕۆ پێنجشەمە ئۆپەراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک بێ بەشدارى کردنى هێزى پێشمەرگە دەستیپێکرد، فەرماندەکانى پێشمەرگەش هۆکارى بەشدارى نەکردنیان لەو شەڕەدا بۆ گرفتى نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ریفراندۆم دەگێرنەوە.

لیوا محەمەد قادر فەرماندەى پێشمەرگە لە باشورى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەماهەنگى نێوان پێشمەرگە و حکومەتى عێراق لەسەر مەسەلەى ریفراندۆم تێکچووە، بۆیە پێشمەرگە بەشدارى شەڕى حەویجەى نەکرد."

وتیشى"هاوپەیمانان لەناوچەکەدان و بریار لاى ئەوانە، دیارە ئەوانیش نەیانویست بەشدارى بە پێشمەرگە بکەن لەو شەڕەدا."

پێشتر وابریاربوو لەناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەوە هێرش بە ئاراستەى حەویجە ئەنجام بدرێت، بەڵام حکومەتى عێراق ئەمرۆ ئۆپەراسیۆنەکەى لە دیوى پارێزگاى سەڵاحەدینەوە و بەبەشدارى نزیکەى 40 هەزار سەرباز دەستپێکرد، بریارە سبەینێش لەقۆڵى قەزاى خورماتوەوە بەرەو حەویجە هێزى حەشدى شەعبى بجوڵێنرێت.

عەلى حسێنى وتەبێژى میحوەرى باکورى حەشدى شەعبى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەمرۆ هێزە عێراقیەکان لەماوەیەکى کەمدا 8 گوندیان کۆنترۆڵ کردووە، چونکە چەکدارەکانى داعش هەڵدێن و خۆیان لەبەردەم هێرشەکان دا راناگرن."

وتیشى"پێشمەرگە خۆى نەیویستوە بەشدار بێت لەشەڕى حەویجەدا."

قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک یەکێکبوو لە پێگە بەهێزەکانى داعش لە عێراق، بەڵام بەهۆى بەجێهێشتنى قەزاکە لەلایەن بەشێکى زۆر لەچەکدارەکانى ئەو رێکخراوە و مانەوەى ژمارەیەکى کەم چەکدار تێیدا، چاوەروان دەکرێت لەماوەى هەفتەیەکدا کۆنترۆڵ بکرێت.

XS
SM
MD
LG