Accessibility links

داعش هێز و چەک و تەقەمەنیەکانى بۆ دەرەوەى حەویجە گواستووەتەوە


Kurdish Peshmerga forces help people from Sunni Muslims, who fled the Islamic State's strongholds of Hawija, as they arrive on the outskirts of Kirkuk, Iraq, August 21, 2016.
Kurdish Peshmerga forces help people from Sunni Muslims, who fled the Islamic State's strongholds of Hawija, as they arrive on the outskirts of Kirkuk, Iraq, August 21, 2016.

لەگەڵ نزیکبونەوەى وادەى هێرشى پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان بۆ سەر قەزاى حەویجەى رۆژئاواى کەرکوک ، بەرپرسانى هێزە ئەمنیەکان دەڵێن داعش ناو قەزاکەى چۆڵکردووە و هێزەکانى بردووەتە دەوروبەرى حەویجە.

عەمید کاوە غەریب فەرماندەى پۆلیسى داقوقى باشورى کەرکوک، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"داعش هەموو چەک و تەقەمەنى و هێزەکانیان بردووەتە دەرەوەى قەزاى حەویجە و ئەو قەزایە هێزى زۆر کەم تێدا ماوە."

وتیشى"داعش ڕوو لە شوێنە سەختەکان دەکات تا پارێزگاى لە مانەوەى خۆى بکات و خۆى بۆ شەڕى درێژخایەن ئامادە دەکات."

لاى خۆشیەوە عەمید روکن ئاراس عەبدولقادر فەرماندەى لیواى 9 ى هێزى پێشمەرگە، ئاماژەى بەوەکرد هێزەکانى داعش لە حەویجە شپرزە بوون و هێزە سەرەکیەکانیان رەوانەى موسڵ کردووە، وتى"داعش لەناوچەکە هێزەکانى نمایش دەکات تا وانیشانى بەرانبەر بدات کە هێشتا بەهێزە."

وتیشى"بۆمبى چێنراو لەناوچە دەچێنن تا بەر بە هێرشە چاوەروانکراوەکەى سەر حەویجە بگرن."

پێشتر چەکدارەکانى داعش لە باشورى کەرکوک سەرقاڵى لێدانى خەندەق بوون ، کە بەرپرسانى پێشمەرگە گومان دەکەن ئەو خەندەقانە بۆمبڕێژ بکەن تا لە کاتى هێرشدا بە پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکاندا بتەقێننەوە.

عەمید کاوە غەریب وتى"داعش لەباشورى کەرکوک هێز نمایش دەکات ، بۆئەوەى هێرشى سەر حەویجە دوابخات و پلانەکانى کە خۆى لە لێدانى خەندەق و ئامادەکارى دا دەبینێتەوە جێبەجێ‌ بکات."

بڕیارە بەم نزیکانە پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان هێرش بۆ سەر قەزاى حەویجە دەست پێبکەن ، کە بەبڕواى فەرماندە سەربازیەکان تواناى کۆنترۆڵکردنى ئەو قەزایە و دەرهێنانیان هەیە لەماوەیەکى کەمدا لەبن دەستى داعش.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:37 0:00

XS
SM
MD
LG