دەسەڵاتدارانی عێراق دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە سەبارەت بەوەی حەشدی شەعبی دەڵێت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر بنکەیەکی حەشد لە پارێزگای ئەنبار لە نزیک سنووری سوریا.
عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی گوت لە ئێستادا لێکۆڵینەوە دەکرێت تاوەکو بزانرێت هێرشەکە بە چی کراوە.
حەشدی شەعبی ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا گوتی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە قوڵایی خاکی عێراق لە پارێزگای ئەنبار و لەسەر ڕێگای عەکاشات- قائم و لە دوری 15 کیلۆمەتر لە سنوورەکان، هێزەکانی کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا کەسێکیان کوژراوە و کەسێکیان بە سەختی برینداربووە.
ئەمڕۆ دووشەممەش حەشد ڕایگەیاند فەرماندەیەکی بە ناوی کازم موحسن بەرپـرسی پاڵپشتی لۆجستی لیوای 45 ی حەشد شەعبی لە هێرشەکەدا کوژراوە.
ئەحمەد ئەلئەسەدی گوتەبێژی قەوارەی ئەلفەتح لە پەرلەمانی عێراق، بەشداری لە مەراسیمی ناشتنی ئەم فەرماندەیەی حەشد کرد و گوتی لە ڕۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەیەک لە پەرلەمان ئەنجام دەدەن بۆ تاووتوێکردنی مەسەلەکە.