Accessibility links

وردەکاری ڕووداوی کوژرانی بەرپـرسێکی ئاسایشی سەرۆک وەزیری عێراق


عەمید شەریف ئیسماعیل ئەلمورشدی

پەرلەمانتارێکی عێراق وردەکاری ڕووداوی کوژرانی عەمید شەریف ئیسماعیل ئەلمورشدی دەگێڕێتەوە و دەڵێت بە دەستی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە باکوری شارۆچکەی سامەڕا کوژراوە.

پەرلەمانتار شەعلان ئەلکەریم بە کەناڵی ئەلحوڕەی گوتووە عەمید شەریف فەرماندەی لیوای 57 ی هێزی تایبەت کە بەرپـرس بووە لە ئاسایشی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر لە میانەی گەشتەکانیدا، ڕۆژی سێشەممە بە هێزێکەوە بەرەو شاری موسڵ بەڕێکەوتبوو بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئاسایشی لە میانەی سەردانەکەی عەبادی بۆ ئەو شارە، بەڵام لە خاڵی پشـکنینی دەروازەی باشوری شاری سامەڕا تووشی دەمەقاڵێ بوون لەگەڵ چەکدارانی حەشدی شەعبی خاڵەکە کە لە گروپی سەرایا ئەلسەلامی سەر بە موقتەدا سەدر بوون.

پاشان دەڵێت هێزەکەی حکومەتیش لە بەرامبەردا 2 لە چەکدارەکانی حەشدیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی بەزاندنی دەسەڵاتەکانیان. دواتر هێزەکە بەرەو موسڵ بەڕێکەوتووەتەوە، بەڵام کاتێک گەیشتوونەتە خاڵی پشـکنینی باکوری شاری سامەڕا لە ناوچەی ئەلحوێش لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری دیکەی سەرایا ئەلسەلام دەبێتە شەڕە تەقەیان و لەو نێوەدا عەمید شەریف کوژراوە.

پەرلەمانتار شەعلان لە درێژەی لێدوانەکەی بۆ ئەلحوڕە گوتیشی ئەمە یەکەم جار نیـیە ئەم میلیشیایان کاری لەو شێوەیە بکەن بەڵکو پـێشتریش ڕێگەیان گرتووە لە ژمارەیەک پەرلەمانتار و کاربەدەستی پارێزگای سەڵاحەدینیش.

حەیدەر عەبادی لای خۆیەوە داوایکرد بە پەلە لێکۆڵینەوەیەک بکرێت لە بارەی ڕووداوەکە. گوتوشیەتی عەمید شەریف لە میانەی جێبەجێکردنی ئەرکەکەی گیانی لەدەستداوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە عەبادی لەگەڵ عیرفان حەیاڵی وەزیری بەرگری بەشداریان لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی تەرمی عەمید شەریف کرد.

گروپی سەرایا ئەلسەلام زیاتر لە 3 ساڵە لە شارۆچکەی سامەڕای سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینن و ئەرکی پاراستنی ئاسایشی شارۆچکەکەیان گرتووەتە دەست بە هەماهەنگی لەگەڵ پـۆلیسی فیدراڵیدا.

XS
SM
MD
LG