Accessibility links

ڕێکخراوی ئەمنستی: میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە چەکی وڵاتان تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن


ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty International دەڵێت گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی تاوانی جەنگ و هێرشی تۆڵەسەندنەوە ئەنجام دەدەن بەو چەکانەی ئەمەریکا و ئەوروپا و ڕووسیا و ئێران بۆ لەشکری عێراقی ڕەوانەدەکەن.

ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیدا نووسیویەتی لێکۆڵینەوەکان لە ناوچەکە و هەڵسەنگاندنی شارەزایان بۆ وێنە و ڤیدیۆی بەڵگەکان کە لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو گیراون، نیشانیان داوە ئەو میلیشیا نیمچە لەشکریـیانە سوودیان لە چەکی بە لایەنی کەم 16 وڵات وەرگرتووە کە بۆ لەشکری عێراقیان ڕەوانەکردوون. ئاماژە بۆ ئەوە دەکات تانک و تۆپ لە نێو چەکەکاندان.

پاشان دەڵێت ئەم میلیشیایانە کە زۆربەیان شیعەن، ئەم چەکانەیان بەکارهێناوە لە ڕفاندن و بێ سەرۆشوێنکردنی هەزاران پـیاو و کوڕ کە زۆربەیان موسڵمانی سووننەن. هەروەها بەکاریانهێناون لە ئەشکەنجەدان و ئیعدامکردن و وێرانکردنی موڵکی خەڵکی.

ئەمنستی دەڵێت پـێشێلکاریـیەکانی چوار میلیشیای سەرەکی لە ڕاپـۆرتەکەدا ئاماژەیان پـێکراوە، ئەوانیش ڕێکخراوی بەدر، عەسائب ئەهل ئەلحەق، کەتائب حزبوڵڵا، سەرایا ئەلسلام. ئەم میلیشیایانە لە لایەن ئێرانەوە پـشتیوانی دەکرێن.

پاتریک ویلکن توێژەر لە بواری بازرگانی بە چەک و مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی ئەمنستی لەم بارەیەوە گوتویەتی ئەو وڵاتانەی چەک بە عێراق دەدن، لەوانە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا و ڕووسیا و ئێران، دەبێت ئەو ڕاستیـیە بزانن هەموو کارەکانی ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئەو وڵاتە مەترسی ئەوەی هەیە بکەونە دەستی ئەو میلیشیایانەی مێژوویەکی دورودرێژیان لە پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ هەیە.

پاترێک هەروەها ڕەخنەشی لە دەسەڵاتدارانی عێراق گرت لەسەر دابینکردنی چەک و کەلوپەل و پـێدانی موچە بەو میلیشیایانە. داواشی کرد چیتر چاو نەپـۆشن لەو پـێشێلکاریـیە گەورانەی بە بەرنامە ئەنجامی دەدەن.

XS
SM
MD
LG