سەرۆک وەزیری عێراق بڕیاری داوە هێزەکانی حەشدی شەعبی تێکەڵ بە لەشکری وڵاتەکە بکرێن و بەپـێی تەمەن و ئاستی خوێندەواری پلە و پـۆست بە چەکدارەکانی بدرێن.
ماڵپەڕی ئۆفیسی حەیدەر عەبادی دەقی بڕیارەکەی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ڕێنمایـیەکانی بۆ دەزگا پەیوەندیدارەکان دەستنیشانکردووە و دەڵێت چەکدارانی حەشدی شەعبی تێکەڵ بە لەشکر دەکرێن و هەمان ئەرک و مافی سەرباز و ئەفسەریان دەبێت بە پـێی تەمەن و ئاستی خوێندەواریـیان.
ئەگەربێت و بڕیارەکە بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، ئەوا نزیکەی 60 هەزار چەکداری حەشدی شەعبی کە زۆربەی زۆریان لە گروپە چەکدارە شیعەکانن دەچنە ناو لەشکرەوە.
جێی ئاماژەیە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە مانگی شەشی ساڵی 2014 بە فەتوایەکی ڕێبەری باڵای شیعەکانی عێراق ئایەتوڵڵا سیستانی دامەزرا. بەشێک لەو هێزانە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.
بڕیارەکەی سەرۆک وەزیری عێراق دوو مانگ بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتیـیەکان دێت، بۆیە چاودێران پـێشبینی دەکەن کاریگەری بەسەر دەنگەکان هەبێت، بەو پـێـیەی لە نێو زۆرینەی شیعەکانی وڵاتەکە پـشتیوانی لە حەشدی شەعبی دەکرێت.