Accessibility links

سەرۆکی فەڕەنسا ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی عێراق دەکات بە مەبەستی دەربڕینی پشـتیوانی بۆ ئەو وڵاتە لە شەڕی دژی داعش کەوا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە بەرۆکی عێراق و ناوچەکەی گرتووەتەوە.

فڕانسوا ئۆلاند بەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەغدای پایتەخت و سەرەتا سەردانی بنکەیەکی لەشکری کرد کە لەوێ هێزەکانی فەڕەنسا مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی عێراق دەکەن.

کۆشکی ئێلێزێ لەسەر تویتەرەکەی خۆی نووسیویەتی لەوەتای مانگی سێی ساڵی 2015 وە هەتا ئێستا هێزەکانی فەڕەنسا مەشق و ڕاهێنانیان بە 6130 سەربازی عێراقی کردووە.

لە تویتەرێـکی دیکەدا نووسیویەتی سەرۆک ئۆلاند لە عێراقە بە ئامانجی دەسـتخۆشیکردن لە هێزە عێراقیـیەکان کە شەڕی داعش لە موسڵ دەکەن و هەروەها بە مەبەستی سەردانی ئەو هێزانەی فەڕەنسایە کە لە عێراقن.

هەروەها ئێلێزێ نووسیویەتی بۆ بنینی ئەو بەرەوپـێشچوونەی هێزە عێراقیـیەکان بەدەسـتیانهێناوە لەوەتای لە 12 ی مانگی نۆی ساڵی 2014 وە کە سەرۆک ئۆلاند سەردانی عێراقی کردبوو.

پاش سەردانی ژمارەیەک لە سەربازنی فەڕەنسا، فڕانسۆ ئۆلاند گەیشتە کۆشکی سەلام و لەوێ لە لایەن فوئاد مەعسوم سەرۆکی عێراق پـێشوازی لێکرا. پاشان کۆبوونەوە و لە بارەی شەڕی داعش و پەیوەندیـیەکانی هەردوو وڵات وتووێژیان کرد و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجام دا.

دوابەدوای ئەوە گەیشتە ئۆفیسی سەرۆکایەتی حکومەت و لەوێ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق پـێشوازیـیەکی گەرمی لێکرد و کۆبوونەوە و بە دوایدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوپەشیان سازکرد.

دواتر چاوی کەوت بە سەلیم ئەلجبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و کۆبووەوەیەکیشی لەگەڵ ئەویش ئەنجام دا.

دوای بەغدا، فڕانسوا ئۆلاند گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردسـتانی عێراق و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل لە لایەن مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم پـێشوازیەکی فەرمی گەرمی لێکرا و پاشان کۆبوونەوەیەکیان پـێکەوە سازکرد و بە دوایـدا بەڕێکەوتن بۆ سەردانی هێزەکانی پـێشمەرگە لە چیای زەرتک لە میحوەری خازەر.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە سەرۆکی فەڕەنسا هێشتا لە هەرێمی کوردسـتانە.

ئەحمەد زێباری پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە هەولێر ڕاستەخۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل ڤیدیۆی پـێشوازیکردنەکەی لەسەر فەیسبوک بڵاوکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG