Accessibility links

سەرۆکی فەڕەنسا داوا لە عێراق دەکات لە چوارچێوەی دەستور دان بە مافی کورددا بنێت

  • VOA News

سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت وڵاتەکەی دۆستایەتی لەگەڵ کوردی عێراقدا هەیە و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لە چوارچێوەی دەستور دان بە مافەکانی گەلی کورد بنرێت.

ئیمانۆئێل ماکرۆن ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق گوتی لەگەڵ عەبادی تاووتوێی ئەو پـرسانەیان کردووە کە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوری ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە. گوتیشی لە وتووێژەکانیاندا سەنگیان خستووەتە سەر پـرسی ئاشتەوایی نیشتمانی و شێوازی حوکمڕانی لە بەغدا کە هەموو عێراقیـیەکان لەخۆبگرێت و کار بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی هەموو پـێکهاتەکان بکات، لەوانە کوردەکانی عێراق کە فەڕەنسا دۆستایەتی لەگەڵیاندا هەیە.

پاشان گوتی ئەوان پـێش ڕیفراندۆمەکەش یەکپارچەیی و سەقامگیری و بەهێزبوونی عێراقیان ویستووە، بۆیە پـێویستە لە چەند مانگی داهاتوو دیالۆگێـک بەڕێوەبچێت کە ڕێز لە یەکپارچەیی و سەروەری عێراق بگرێت. گوتیشی " ئێمە داوا دەکەین لە چوارچێوەی دەستوری عێراق و بەپـێی دەستوری عێراق دان بە مافەکانی کورددا بنرێت."

سەرۆکی فەڕەنسا لە درێژەی لێدوانەکەی گوتیشی ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق پـێـیان باشبێت، ئەوا فەڕەنسا ئامادەیە بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری بکات لەو ناوبژیوانیەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسـتپـێکردووە لە نێوان بەغدا و هەولێردا.

عەبادی لای خۆیەوە گوتی لە ساڵی 2005 زۆربەی عێراقیـیەکان بە کوردەکانیشەوە دەستوری وڵاتەکەیان پەسەندکرد، بۆیە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە لادانە لەو دەستورە. گوتیشی حکومەت و دادگای فیدراڵی و پەرلەمانی عێراق بڕیاریان دا ئەو ڕیفراندۆمە نادەستوریـیە و کارێکی ڕاست نیـیە.

پاشان گوتی بەپـێی دەستور دەبێت حکومەتی فیدراڵ دەسەڵاتی هەبێت بەسەر خاڵە سنووریـیەکان و ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان. داواشی لە هێزەکانی پـێشمەرگە کرد لە ناوچە جێ ناکۆکی لەسەرەکان لە پاڵ هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی کاربکەن و لە ژێر فەرمانی هێزە فیدراڵیـیەکاندا بن. جەختی لەوەش کرد ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری و پـێکدادانی لەگەڵ کورددا ناوێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەبێت دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بسەپـێنرێت.

XS
SM
MD
LG