Accessibility links

ئەنجومەنی دادوەری عێراق ڕەتیدەکاتەوە ڕێکەوتێنێک کرابێت بۆ سووککردنی سزای سەر فەڕەنسایـیە داعشەکان


ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن ڕێکەوتنێک لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و فەڕەنسا کراوە بۆ گۆڕینی سزای لەسێدارەدانی دەستگیرکراوە فەڕەنسایـیەکانی داعش ئەوانەی لە عێراق دادگایی‌کراون.

دادوەر عەبدولسەتار بەیرقدار گوتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا گوتویەتی سزای تاوانباران لە عێراق بە سەودای نێوان حکومەتەکان ناگۆڕدرێن، وە ئەو سزایانەی دادگاکانی عێراق دەیانسەپـێنن تەنیا لەلایەن دادگای پـیاداچوونەوە سەیردەکرێنەوە و بەپـێی یاسا ئەو دادگایە مافی ئەوەی هەیە ڕەزامەندی لەسەر سزاکان بدات یان بۆ سزایەکی دیکە بیانگۆڕێت بەپـێی دۆخی تاوانەکە."

لەم دوایـیانە دادگاکانی عێراق سزای مەرگیان بۆ 11 فەڕەنسایی دەرکرد کە ئەندامانی داعش بوون و لە سوریا دەستگیرکرابوون و ڕەوانەی عێراق کران تاوەکو لەوێ دادگایی بکرێن.

پـێشتر ژمارەیەک ڕاپـۆرتی هەواڵ باسیان لە ڕێکەوتنێکی نێوان بەغدا و پاریس کرد بۆ سووککردنی سزای لەسێدارەدانی ئەو فەڕەنسایـیانە.

موزەفەر جەریان پارێزەری یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە 12 دادوەر لە دادگای پـیاداچوونەوە بە کەیسی هەریەک لەو تۆمەتبارانە دەچنەوە، وە ئەم دادگایە مافی ئەوەی هەیە سزاکان پەسەندبکات یان کەمیان بکاتەوە یانیش داوای دووبارەکردنەوەی دادگاییکردنەکانیان بکات ئەگەر گەیشتە ئەو ئەنجامەی بەڵگەی تەواو نیـیە.

بەپـێی یاسای عێراق تۆمەتباران ماوەی 30 ڕۆژیان تانەبگرن لە بڕیاری دادگا لە دژیان.

XS
SM
MD
LG