Accessibility links

دادگایەکی عێراق بڕیاری سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ ژنێکی فەڕەنسی دەدات


دادگای تاوانەکانی عێراق بڕیاری دا سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر میلینا بوگەدیغ بسەپـێنرێت، ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی پەیوەندیان بە داعشەوە کردبوو.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت دادوەری ئەم دادگایەی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە گوتی"دادگا هێندە بەڵگەی لەبەردەستدایە تاوەکو بتوانێت سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر میلینا بوگەدیغ بسەپێنێت، ئەمەش بەپـێی یاسای دژە تێرۆر کە سزاکەی دەگاتە هەتا لەسێدارەدان.

میلینا تەمەن 27 ساڵ کە دایکی چوار منداڵە و سیانیان ڕەوانەی فەڕەنسا کراونەتەوە، دادگا لە مانگی دووی ئەمساڵ سزای زیندانی 7 مانگی بۆ دەرکرد بە تۆمەتی هاتنە ناو خاکی عێراق بە شێوەیەکی نایاسایی.

لە میانەی دادگایـیکردنەکەی ئەمڕۆ میلینا بە زمانی فەڕەنسی بەرگری لە خۆی کرد و بەپـێی وەرگێڕەکەی گوتویەتی ئەو بێ تاوانە و هاوسەرەکەی فریوی داوە و ناچاری کردووە لەگەڵی بڕوات بۆ سوریا و عێراق. گوتیشی هەڕەشەی لێکردبوو ئەگەربێت و لەگەڵی نەڕەوات ئەوا منداڵەکانی هەر دەبات.

ڕۆژی پـێنجشەممە جان ئیڤ لودغیان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا گوتی میلینا تێرۆرستێکی داعشە و لە دژی عێراق شەڕی کردووە، بۆیە دەبێت لەو وڵاتە دادگایی بکرێت.

بەڵام بنەماڵەی میلینا بوگەدیغ و پارێزەرەکانی داوایانکرد میلینا بگەڕێنرێتەوە فەڕەنسا و لەوێ دادگایی بکرێت. بەپـێی یەکێک لە پارێزەرەکانی کە ڕۆژی شەممە لە فەڕەنساوە گەیشتە بەغدا بە مەبەستی ئامادەبوون لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگا، گوتی داواکاری گشتی فەڕەنسا فەرمانی دەسـتگیرکردنی بۆ میلینا دەرکردووە تاوەکو لە ئۆفیسەکەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکات.

سەرچاوەیەکی دادوەری لە فەڕەنسا بە فڕانس پـرێسی گوتووە فەرمانی دەستگیرکردنەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکە لە کەیسێک کە لە 2 ی مانگی هەشتی ساڵی 2016 لە پاریس تۆمارکراوە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە نێو گروپـێکی تێرۆرستی تاوانکاردا.

جێی ئاماژەیە میلینا بوگەدیغ لە هاوینی ساڵی 2017 لە شاری موسڵ دەسـتگیرکرا و بڕوادەکرێت هاوسەرەکەی لە میانەی ڕزگارکردنی شاری موسڵ لە داعش کوژرابێت.

XS
SM
MD
LG