Accessibility links

عەبادی: گڕگرتنی کۆگای سندوقەکانی دەنگدانی ڕسافەی بەغدا بە مەبەست بوو


سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت بەپـێی لێکۆڵینەوە سەرەتایـیەکان ئەو ئاگرەی ڕۆژی یەکشەممە لە کۆگای سندوقەکانی دەنگدادن لە ناوچەی ڕسافەی بەغدا کەوتەوە بە مەبەست بووە.

حەیدرە عەبادی ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا گوتی دوو بەڵگە هەن دەیسەلمێنن ئاگرەکە بە مەبەست هەڵگیرسێنراوە، یەکەم ئاسەواری بەنزین هەیە، دووەم ئاگرەکە لە یەک شوێن هەڵنەگیرساوە و بڵاوبووبێتەوە، بەڵکو لە چەند شوێنێکەوە دەسـتیپـێکردووە.

هەروەها گوتی هیچ شوێنێکی کۆگاکە نەشکێنراوە، بۆیە پـرسیار لێرەدا ئەوەیە کێ کلیلی کۆگاکەی لایە. لەگەڵ ئەوانەش لە ڕاپـۆرتێکی وەزارەتی ناوخۆ باس لەوە دەکرێت بەر لە ئاگرکەوتنەوەکە کامێراکانی چاودێری بە مەبەست لە کارخراون.

عەبادی جەختی لەوەش کرد کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەرپـرسیارێتی تەواوی ناو کۆگاکانی لە ئەستۆدایە و هێزە ئاسایشیـیەکان تەنیا بەرپـرسیارن لە پاراستنی کۆگاکان لە دەرەوە.

سەرۆک وەزیر گوتیشی ڕێوشوێنی پـێویست گیراونەتەبەر بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە و بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەک کەس دەسـتگیرکراون.

هەروەها گوتی ئەنجومەنی وەزیران فەرمانی بە داواکاری گشتیکردووە سکاڵای یاسایی تۆماربکات لە دژی هەموو ئەوانەی دەستیان هەبووە لە کاری تێکدەرانە لە پـرۆسەی هەڵبژاردنەکاندا، وە بڕیاریش دراوە ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە زووترین کاتدا بڕیاری خۆی بدات لە مەسەلەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکان و ئەو کەسانە ئاشکرابکرێن کە تێوەگلاون لە پـێشێلکاریـیەکان.

پاشان عەبادی جەختی کردەوە نە حکومەت و نە پەرلەمان مافی ئەوەیان نیـیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێننەوە، بەڵکو تەنیا دادگای باڵای فیدراڵی بڕیار دەدات ئەنجامەکان پەسەندبکات یان نا.

XS
SM
MD
LG