Accessibility links

عەبادی فەرمان دەدات هیچ کاربەدەستێکی باڵای هەڵبژاردنەکان بەبێ ڕەزامەندی ئەو ناتوانێت وڵات جێبهێڵێت


سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت کۆمیتەی باڵای تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە هەڵبژاردنەکان گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی فرتوفێڵێکی گەورە لە هەڵبژاردنەکاندا کراون، بۆیە بڕیاری داوە هیچ بەرپـرسێکی باڵای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەبێ مۆڵەتی ئەو نەتوانن وڵاتەکە جێبهێڵن.

حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەیدا گوتی ئەنجومەنی وەزیران تاووتوێی ڕاپـۆرتی ئەو کۆمیتە باڵایەی کردووە کە پـێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە پـێشێلکاریـیە گەورەکانی نێو هەڵبژاردنەکەی 12 مانگی پـێنج. دەڵێت لە ڕاپـۆرتەکەدا بەشێکی باس لەو شتانە کراوە کە پـێی گەیشتوون و بەشێکی کۆمەڵێک ڕاسپاردەی تیایدا پـێشنیارکراوە. دەشڵێت ئەنجومەنی وەزیران هەردوو بەشەکەی پەسەندکردووە، بەو پـێیەی وردەکاری تەواوی خستووەتە ڕوو کە جێی نیگەرانین.

عەبادی گوتیشی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی سەرۆکایەتی ئەم کۆمیتەیە دەکات وە ئەم دەزگایە لە ساڵی ڕابردووەوە لێکۆڵینەوە لە ئامێرەکانی دەنگدان دەکات و تێبینی خۆی لەسەری هەیە، لەوانە هیچ کۆمپانیایەکی تەکنیکی ئەم ئامێرانەی تاقی نەکردووەتەوە.

سەرۆک وەزیری عێراق باسی لە کۆمەڵێک ڕاسپاردەی کۆمیتەکە کرد، لەوانە دەبێت 5% ی دەنگەکان بە دەست لە هەموو ناوەندەکان جیابکرێنەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی دەرەوە و ئاوارەکان هەڵبوەشێتەوە بەو پـێیەی بە مەبەست پـێشێلکاری و فرتوفێڵێکی گەورەیان تیاداکراوە.

هەروەها گوتی ئەنجومەنی وەزیران داوای لە دەزگای موخابەرات و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگا هەواڵگریـیەکانی وەزارەتی ناوخۆ کردووە بە دوای ئەو کەسانە بگەڕێن کە یاریان بە دەنگەکان کردووە و ساختەکاریـیان ئەنجامداوە تاوەکو ڕێوشوێنی یاسایی لە دژیان بگیرێتەبەر.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران داوای لە داواکاری گشتی کردووە لەسەر بنچینەی ئەوەی لە ڕاپـۆرتەکەدا هاتووە سکاڵا تۆماربکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجومەنی وەزیران ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی دەکات تاوەکو لێکۆڵینەوەی خۆی بکات و ڕێوشوێنی توند لەم بارەیەوە بگرێتەبەر. هەروەها ئەنجومەنی وەزیران دەقی ڕاپـۆرتەکە بۆ پەرلەمان دەنێرێت تاوەکو لەوێش ڕێوشوێنی پـێویست بگێرتەبەر.

لە کۆتاییدا عەبادی گوتی بەو پـێیەی شتی مەترسیدار لە ڕاپـۆرتەکەدا هاتووە، دەبێت کاربەدەستانی هەڵبژاردنەکان لە پلەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیـیەوە هەتا سەرووتر ناتوانن وڵات جێبهێڵن تەنیا بە ڕەزامەندی خۆی نەبێت.

دەقی لێدوانی سەرۆک وەزیری عێراق لە بارەی هەڵبژاردنەکانەوە:

لێدوانی عەبادی لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر هەڵبژاردنەکان
please wait

No media source currently available

0:00 0:03:09 0:00

XS
SM
MD
LG