Accessibility links

ئەنجومەنی دادوەری عێراق دەڵێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڵناوەشێتەوە


ئەنجومەنی دادوەری باڵای عێراق دەڵێت بەپـێی یاساکانی ئێستای هەڵبژاردنەکان ناکرێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 12 ی مانگی پـێنج هەڵبوەشێتەوە یان دەنگەکانی بە دەست جیابکرێنەوە.

ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی بەپـێی ماددەی 8 ی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان( ژمارە 11 بۆ ساڵی 2007 ) ، دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردنەکان دەسەڵاتی ئەوەی نیـیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چ لە ناوەوە یان لە دەرەوە هەڵبوەشێنێتەوە.

دەشڵێت ئەم ماددەیە کە تایبەتە بە سکاڵاکان تاکە شێوازێکی بۆ سکاڵاکردن دەسـتنیشانکردووە، ئەویش تاناکانی بۆ دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان بەرزبکرێتەوە و دەستەکە لە ماوەی 10 ڕۆژ بڕیاری خۆی لەسەر بدات.

سەبارەت بە داوای جیاکردنەوەی دەنگەکان بە دەست، ئەنجومەنی دادوەری دەڵێت ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەکی پەسەندکردووە کە تیایدا جیاکردنەوەی دەنگەکانی بە دەست نەهێشتووە.

بەپـێ ماددەی 8 ی هەڵبژاردنەکان، دادگای پـیاداچوونەوەی عێراق دەستەیەکی دادوەری لە 3 دادوەر بۆ هەڵبژاردنەکان پـێکدەهێنێت وە ئەم دەستەیە بڕیارەکانی کۆتایی‌یە و بە هیچ شێوەیەک ناکرێت تانەی لێبگیرێت.

XS
SM
MD
LG