نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی عێراق دەڵێت هۆکاری سەرەکی کەمی ڕێژەی بەشداری خەڵک لە پـرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبیل لە ماوەی بەڕێوەچوونی پـرۆسەکەدا لە بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکە.
ئەحلام لامی لە وتووێژێکی تایبەت بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی "هاتنی کەمی خەڵکی بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبیل، ئەمە ڕەنگە کاریگەری بەسەر دەروونی دەنگدەر هەبێت چونکە زۆربەی دەنگدەران دەیانەوێت بە ئۆتۆمبیلەکانیان بۆ بنکەکانی دەنگدان بچن. هەروەها ڕەنگە هەندێک مەسەلەی ئاسایشی هەبن وەهایان لە دەنگدەر کردبێت مەترسی هەبێت لەوەی بۆ بنکەکانی دەنگدان بڕوات کە هەرچەندە ئەمڕۆ باری ئاسایشی زۆ زۆر بەرقەرارە و هەموو بنکەکانی دەنگدان زۆر پارێزراون لە ڕێگەی هێزە ئاسایشیـیەکانەوە."
گوتیشی ڕەنگە هۆکاری دەرەوونی دیکەش هەبن، وەک ئەوەی دەنگدەر بڕوای بە پـرۆسەی سیاسی نەبێت.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئامێرە ئەلیکترۆنیـیەکانی دەنگدانەکە کرد کە لە هەندێک بنکەی دەنگدان لە کارکەوتوون و ئەمەش وەهای کردبێت خەڵکی بێزاربن. باسی لەوەش کرد گرفتیش لە کارتی ناسنامەی ژمارەیەک لە دەنگدەرانیش هەبووە.