Accessibility links

عەممار حەکیم داوا لە گەنجان دەکات بەشداری پـرۆسەی دەنگدانەکە بکەن


سەرۆکی حیکمەی نیشتمانی هانی عێراقیـیەکانی دا بەشداری لە پـرۆسەی دەنگدان بکەن، بە تایبەتی گەنجەکان.

عەممار حەکیم ئەمڕۆ لە میانەی بەڕێوەچوونی پـرۆسەی دەنگدان لە بەغدا گوتی "پەیامێکم بۆ گەلەکەمان بە گشتی هەیە و بە تایبەتی بۆ گەنجەکانی عێراق، ئەگەر دەمانەوێت گۆڕانکاری ڕاستەقینە بکرێت، ئەگەر دەمانەوێت گەندەڵکاران و شکستخواردوان جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە، ئەوا دەبێت گەنجانی عێراق بێنە دەرێ و ڕای خۆیان بدەن، دەنگدان مافی دەنگدەر و گەنجی عێراقیـیە، بەشداری نەکردن مانای ئەوەیە گەنجان خۆیان دەخەنە خانەی تەماشەکەرانەوە لە کاتێکدا دەبێت ڕۆڵی سەرەکی ببینن لە ئایندەی وڵاتەکەیاندا.

گوتیشی عێراق بەمە دەیسەلمێنێت پابەندی دیموکراسیـیە و خولی چوارەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدات بەبێ دواخستن، ئەمەش وابەستەیەکی گەورەی سیستمی سیاسی بەرامبەر بە دیموکراسی نیشان دەدات.

سوپاسی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد لەسەر ئەو هەوڵانەی دەیدەن و هەروەها لەسەر هێنانی سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ جیاکردنەوەی دەنگەکان کە بە هەنگاوێکی گرنگی ناودێرکرد لە کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی ساختەکاری و کونترۆڵکردنی دۆخەکە و شەفافیەت لە هەڵبژاردنەکاندا.

XS
SM
MD
LG