Accessibility links

پەرلەمانی عێراق 12 ی مانگی پـێنج بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان پەسەند دەکات


وێنەی ئەرشیف
وێنەی ئەرشیف

پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 12 ی مانگی پێنجی ئەمساڵی پەسەندکردووە بۆ هەڵبژاردنی گشتی لە وڵاتەکەدا، هەرچەندە سوننەکانی عێراق داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان دەکرد.

داوای عەرەبی سوننە لە عێراق بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوە بووە هەتا دەرفەت هەبێت ئەو سێ ملیۆن کەسەی بەهۆی شەڕی دژی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە ئاوارەبوون بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

عەباس ئەلبەیاتی یاسادانەرێکی شیعە ئاینزایە و دەڵێت لە دانیشتنی ئەمڕۆ دووشەممەی پەرلەماندا بە تێکڕای دەنگ ئەو پێشنیازەی حکومەتی نێوندی پەسەندکراوە.

چەند جارێک پەرلەمانی عێراق شکستی هێنا لەوەی ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکان دیار بکات بەهۆی ئەو دابەشبوونە زۆرەی لە ناو ئەندامانی پەرلەماندا هەبووە، ئەمەش بووە هۆکارێک کە دادگای باڵای عێراق ڕۆژی یەکشەممە بڕیاربدات لە دژی هەر دواخستنێکی زیاتری هەڵبژاردنەکان.

شەڕەکانی سێ ساڵی ڕابردووی دژ بە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی داعش بوونە مایەی پشێوی و ناجێگیری لە ناوچەکانی سوننە ئاینزاکاندا لە باکور و ڕۆژئاوای عێراقدا، نەبوون و کەمی خزمەتگوزارییەکانیش لەو ناوچانەدا هۆکارێکی تری خراپـبوونی زیاتری ڕەوشەکەیە لەو ناوچانەدا.

ئەم هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەی مانگی پێنج، چوارهەم هەڵبژاردنی گشتییە لەوەتای ساڵی 2003 وە لە عێراق دەکرێت، واتە لەو کاتەوەی ڕژێمەکەی سەدام حوسەین دیکتاتۆری پێشووی عیراق ڕووخێندرا.

XS
SM
MD
LG