Accessibility links

لە کەرکوک، سیاسییەکان بۆ بردنەوەی دەنگ هەستی نەتەوەیی دەبزوێنن


واشنتن- عێراق سەرقاڵی ئەنجامدانی پێنجەم هەڵبژاردنی پەرلەمانییە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێنەوە لە ساڵی 2003، بەڵام شتێک هێشتا بە نەگۆڕی ماوەتەوە: پارتەکان هەست و سۆزی نەتەوەیی و دینی و مەزهەبی بەکاردەهێنن بۆ بردنەوەی دەنگی خەڵک.

زیاتر لە هەموو شوێنێک، ئەم دیاردەیە بە زەقی لە شاری کەرکوکی دەوڵەمەند بە نەوت دەبینرێت، کە تێیدا پارتە کورد و عەرەب و تورکمانەکانی شارەکە جەخت دەکەنە سەر ئەوەی دەنگدەران لە دەرەوەی نەتەوە و مەزهەبی خۆیان دەنگ نەدەن.

مانگی رابردوو، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی، کە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوونتەوەی گۆڕان پێکهاتووە، هەڵمەتی هەڵبژاردنی لیستەکەی لە کەرکوکەوە دەستپێکرد.

لەوێ گوتی، “ دەمەوێت بە وتارە مێژووییەکەی باوکم دەستپێبکەم، هەتا کوردێک مابێت کەرکوک قودسی کوردستانە."

قوباد تاڵەبانی حوکمڕانانی ئێستای کەرکوک لە ژێر دەسەڵاتی پارێزگارێکی عەرەبدا بە "دەسەڵاتی خۆسەپێن" دانا کە دەیانەوێت کۆتایی پێبهێنن.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەفتەی ڕابردوو لە شاری هەولێرەوە گوتی، "داوای ئێمە بۆ نەوتی کەرکووک نییە، داوامان لەسەر ناسنامەی کەرکوکە." پاشان گوتی، " ئێمە نامانەوێت شەڕێکی نەتەوەیی بە کەرکوکییەکان بکەین، نامانەوێت شەڕی نەتەوەیی لە کەرکوک بکرێت. بە پێچەوانەی هەموو شۆڤێنییەک، دەمانەوێت ئارامی، خزمەتگوزاری، ئاوەدانی و هاوبەشیی ڕاستەقینە لە کەرکوک هەبێت."

مانگی ڕابردوو پارتە عەرەب و تورکمانەکانی کەرکوک کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەنووسیان بەست کە تیایدا داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان لەو پارێزگایە کرد. لە بەیاننامەکەدا، پارتە سەرەکییە کوردییەکانیان بەوە تۆمەتبارکرد کە دەیانەوێت "هاوکێشە"ی شارەکە بگۆڕن لە ڕێگەی "پێشڕەووی زیاتری پێشمەرگەوە بۆ سنووری ئیداری پارێزگاکە."

لە هەمان کاتدا، بەشداربوانی کۆنفراننسەکە دژایەتی خۆیان نیشاندا بۆ هەوڵەکانی دروستکردنی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانەکانی داعش لەو ناوچەیە. ئەوان بە توندی دژایەتیان دەربڕی بۆ هەر هەوڵێک بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکوک کە لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 لە ناوچە جێناکۆکەکان کشانەوە.

مەحمود زێدان لە ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند، "دروستکردنی ژورێکی سەنتەری کاری هاوبەش نیشانەی پرسیار هەڵدەگرێت و تێبینی لەسەرە چونکە ئێمە پێمان وایە کە ئەمە سەرەتایەکە بە ئاڕاستیەی گەڕاندنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پارێزگاکە."

حسێن موئەنەس، سەرۆکی بزووتنەوەی حقوق، لە ڤیدیۆیەکدا لە سۆشیاڵ میدیا، لیستێک بەرنامەی کاری پارتەکەی بڵاوکردۆتەوە. بۆ ڕاکێشانی دەنگی عەرەبە نەتەوەپەرستەکان، دەڵێت پارتەکەی دژی هەرجۆرە "سازشێک یاخود هاوبەشی (شەراکەتی) ئیداری، یاخود ئەمنییە" لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە.

بیلال وەهاب، پسپۆڕی کاروباری عێراق لە پەیمانگای واشنتن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لایەنەکان پەنادەبەنە بەر بزواندنی هەستی نەتەوایەتی چونکە نەیانتوانیووە بەپێی پێویست خزمەتی خەڵک بکەن.

بیلال گوتی، "هەم لایەنی کوردی و لایەنی غەیرە کوردی ڕەنگە وەها بەباش بزانن لە کەمی خزمەتگوزاری و لە شەڕی ناو حزبەکان خۆیاندا، بگەڕێنەوە سەر ئەم مەسالانە. مەسەلەی شوناس. چونکە، چی تریان هەیە پێشکەشی بکەن بۆ دانیشتوانی کەرکوک؟"

" ئەمە جۆرێکە لە ئیفلاسی سیاسی. دوورکەوتنەوەیە لە ئەولەویاتی شەقام."

بۆچوونەکانی بیلال هاوتایە لەگەڵ ڕاپرسییەکان کە دەریدەخەن داواکاریـیەکانی دەنگدەران بە پلەی یەکەم بریتین لە خزمەتگوزاری و بنبڕکردنی گەندەڵی نەک گرفتی شوناس.

ئیحسان ئەلشمەری، سەرۆکی سەنتەری بیرکردنەوەی سیاسی لە عێراق، دەڵێت پارتە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر جار پەنادەبەنە بەر گوتاری "ڕەگەزپەرستانەی نەتەوەیی و تائیفی." ئەو بە دەنگی ئەمەریکای گوت کە هۆکارێکی ئەم کارە ئەوەیە " دەیانەوێت ترس لای دەنگدەران زیاد بکەن وەکو ئەوەی کە بکرێنە ئامانج یاخود دوژمنکاری لە نێوان کەمایەتییەکاندا هەبێت."

ئەلشمەری، کە لە هەمان کاتدا مامۆستای زانکۆیە لە بەغدا، ئاماژەی دا کە بەکارهێنانی هەستی نەتەوەیی و مەزهەبی بە شێوەیەکی سەرەکیتر لەلایەن کاندیدەکانی سەر بە گرووپە شیعەکان بەکار هاتووە و " کارتێکی سەرکەوتوو بووە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو" بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر.

ئەو ڕایگەیاند ڕەنگە کاریگەری ئەم " کارتە" لە داهاتوودا کەمتر بێتەوە چونکە " کۆمەڵگە لەو شێوازی مامەڵەیە بێزاربووە و دەیەوێت لێی دوربکەوێتەوە."

XS
SM
MD
LG