Accessibility links

ناکۆکی نێو ماڵی شیعە عێراقی خستووەتە بەردەم چەندین ئەگەر و سیناریۆی جیاواز


ناکۆکی نێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، عێراقی خستووەتە بەردەم چەندین سیناریۆ و ئەگەری نەخوازراو، بەڵام هێشتا ڕوون نییە، ململانێکان عێراق بەلای گرژیدا پەلکێش دەکەن، یاخود دواجار هێزە شیعەکان ڕێکدەکەون و دۆخەکە هێوردەکەنەوە.

سەرچاوەی ناکۆکی نێوان هێزە شیعەکان، چۆنییەتی پێکهێنانی حکومەتی عێراقە، ڕەوتی سەدر وەکو براوەی هەڵبژاردن، جەخت لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەکاتەوە و لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیش، داوای پێکهێنانی حکومەتی شەراکەت دەکەن.

گەر موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر پێداگیربێت لەسەر وەلانانی هێزە شیعەکان و پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لەگەڵ کورد و سونە، پێشبینی ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق دەکرێت، بەو پێ یەی هێزە شیعەکان ڕازی نابن بەدەرکردنیان لە گۆڕەپانەکە و باڵادەستبوونی سەدر، لەکاتێکدا هەردوو بەرە شیعیەکەش، خاوەنی پارە و هێز و چەکن.

فەرید ئەسەسەرد سکرتێری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێیوایە، موقتەدا سەدر تا ئەم چرکە ساتە، پێداگیرە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و گەر بۆی بچێتە سەر پێکیدەهێنێت.

ئەسەسەرد، بەدەنگی ئەمەریکای وت"سەدر خەریکە هەست بەوەدەکات، ئەم کارە کێشەی گەورەی لێدەکەوێتەوە، بۆیە ڕەنگە پێداچوونەوە بەکارەکانی بکات."

بۆ ئەنجامی ناکۆکی نێوان ڕەوتی سەدر و هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی چەندین سیناریۆ لە ئارادان، سیناریۆی یەکەم، پێکهێنانی حکومەتە لەلایەن سەدرەوە بێ بەشداری لایەنە شیعەکان، لە محاڵەتەشدا ئەگەری ڕوودانی بارگرژی و پێکدادان، یاخود دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز لەلایەن هێزە شیعەکان و ناسەقامگیرتربوونی دۆخی عێراق بۆ چوارساڵی داهاتوو دێتە ئاراوە.

سیناریۆی دووەم، ڕازیبوونی ڕێبەری ڕەوتی سەدرە بە بەشداری پێکردنی هێزە شیعەکان لە حکومەت و خاوکردنەوەی بارگرژیەکان، سیناریۆی سێ یەمیش، هەوڵدانی سەدرە بۆ پەرتکردنی هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕاکێشانی بەشێکیان بەلای خۆیدا، بەو پێ یەی سەدر زۆر کێشەی لەگەڵ بەشداری پێکردنی هادی عامری لەحکومەتەکەیدا نییە، بەڵام بەرامبەر نوری مالکی توندە.

دکتۆر سەردار عەزیز شیکەرەوەی نێودەوڵەتی، دەڵێت"گەر سەدر هەندێک لە لایەنە شیعەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ڕازی بکات و بەرژەوەندیەکانی ئێران بپارێزێت، بارگرژیەکان خاو دەبنەوە."

دروستبوونی ناکۆکی لەنێو ماڵی شیعی لەکاتێکدایە، هێزە شیعیە بەرە جیاوازەکان یەکتری بە ئەجێندای دەرەکیش تۆمەتباردەکەن، ئەمەش ناکۆکی نێوانیانی قوڵترکردووەتەوە، هێزە شیعەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی سەدر بە ڕێککەوتن لەگەڵ کەنداو و سەدریش ئەوان بەجێبەجێکاری ئەجێندای دەرەکی تۆمەتبار دەکات.

لەکاتێکدا سەدر خۆی بەبراوە دەزانێت و پێداگیرە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی، هێزە شیعەکانی تر ڕەخنەیان لە یاسای هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە، پێیانوایە سەدر بە 800 هەزار دەنگدەوە، بووەتە خاوەن 73 کورسی، لەکاتیکدا ئەوان بەسەرووی دوو ملیۆن دەنگەوە، ژمارەی کورسیەکانیان لەو کەمترە.

دکتۆر محەمەد حسام، بەرپرسی پەیوەندیە گشتیەکانی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعە، لەلێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، هیوای خواست ناکۆکیەکان لەسەر هەڵبژاردن نەڕوات بەرەو دەرهاویشتەی مەترسیدار و کێشەکان لە ڕێگەی سیاسیەوە چارەسەر بکرێن، نەک ڕێوشوێنی تر بگیرێتە بەر، وتی"ئاراستە هەیە کەشەکە بەرەو گرژی دەبات، یاخود تەواوی هەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە، بۆیە ترس هەیە دۆخەکە سەربکێشێت بۆ واقیعی کۆمەڵایەتی و کاریگەری لەسەر عێراق بەشێوەی گشتی هەبێت، دەبێت کەسایەتیە ژیرەکان بەڕۆڵی خۆیان هەستن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، ئێستا کاتی شکاندن و تەسفیە حساب نییە، پێویستە ئەم قەیرانە تێپەڕێنین."

کەمتر لە مانگێکی ماوە بۆ ڕوونبوونەوەی ئەنجامی کێشمەکێشی نێوان لایەنە شیعەکان، بەو پێ یەی بڕیارە لە ڕۆژی 8 ی مانگی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆببێتەوە و 15 ڕۆژ دوای ئەو دانیشتنە، بەپێی دەستور دەبێت حکومەتیش پێکبهێنرێت.

هەرچەندە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەڕێککەوتنی ڕەوتی سەدر و عەرەبی سونە و پارتی دیموکرات هەڵبژێردراوە، بەڵام ناکۆکیە سیاسیەکان کاروبارەکانی ئەو دەستەیەی ڕاگرتووە، بەو پێ یەی لەدادگای فیدراڵی عێراق سکاڵا تۆمارکراوە لەسەر نایاساییبوونی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پە رلەمان.

فەرید ئەسەسەرد، دەڵێت"مەترسیەکە لەوەدایە، ناکۆکی کەوتووەتە نێو گەورەترین گروپی دیموگرافی لە عێراق، ئەوان زۆرینەن، بۆیە مەترسیدارە کێشە بکەوێتە نێو ماڵی شیعە."

عەرەبی سونە براوەترین لایەنی نێو کێشمەکێشەکانە، بەو پێ یەی بەیەک دەنگی چوونە نێو ململانێکانەوە و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیان مسۆگەرکرد، لەکاتێکدا کورد درزی تێکەوتووە و گرفتی لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار هەیە، هێزە شیعەکانیش لەسەر شێوازی پێکهێنانی حکومەت، لە کێشمەکێشی قورسدان.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:04:54 0:00


XS
SM
MD
LG