Accessibility links

محەمەدی حاجی مەحمود: شیعە پۆستی سەرۆک کۆمار ناداتە سونە، چونکە هێزی لایە و ترسی کودەتا هەیە


سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لایەنە شیعەکان پۆستی سەرۆک کۆمار نادەن بە سونە، چونکە سەرۆک کۆمار هێزی چەکداری لەژێر دەسەڵاتدایە و ترسی کودەتایان هەیە، بۆیە ئەو پۆستە لای کورد بێت، بۆ شیعە بێ مەترسی و بێ کێشەیە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت"دەبووایە پێش هەڵبژاردن، پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵبوەشاندایەتەوە، بەڵام تا ئێستا خۆی هەڵنەوەشاندووەتەوە، بۆیە پەرلەمان مافی هەیە تا 6 مانگی تر بمێنێتەوە، دەبووایە پێشتر ئەم کێشە چارەسەر کرابا."

ڕوونیشیکردەوە، ئەوەی لەهەڵبژاردن دا بووەتە کەمینە، ئێستا لەناو پەرلەمانی عێراق زۆرینەیە، ئەوەشی لەدەرەوە زۆرینەیە، لەناو پەرلەمان کەمینەیە، بۆیە ئەو گومانە دروستبووە، ئایا پەرلەمان خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، وتی"ڕەنگە کورد و سونە لە پۆستی سەرۆک وەزیران دا قسەیان هەبێت، بەڵام شیعە خۆی بڕیار دەدات، کێ دەکەنە سەرۆک وەزیران."

وتیشی"کورد و شیعە لەم هەڵبژاردنەداو لەسایەی یاسای نوێ دا، لەناوچە کێشەلەسەرەکان زەرەریان کرد، لەکاتێکدا عەرەبی سونە قازانجی کرد."

سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی عێراق، کێشەی نێوان ئێران و ئەمەریکایە، بڕیار لە عێراق و کوردستان نادرێت، بەڵکو لەدەرەوەی عێراق دەدرێت، وتی"پێش هەڵبژاردن، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەلایەن تورکیاوە بانگکرا و لابرا، کەسێکی تر خرایە جێگەکەی بێ ئەوەی پرس بەکەس بکەن، خەنجەر و حەلبوسی بانگکران بۆ تورکیا و ئامۆژگاری کران و نێردرانەوە، واتە بڕیار لەدەرەوە دەدرێت، هەمووی لەم وڵاتەدا بە وەکالەت ئیش دەکات."

جەختیشیکردەوە"ئێران دەیەوێت حکومەت پێکبهێنرێت، گرفتی نیە کێ حکومەت پێکدەهێنێت، چونکە ئەو بەکردار حوکم دەکات."

محەمەدی حاجی مەحمود پێیوایە، کورد لەهەموو لایەنە عێراقیەکانی تر سەربەخۆ ترە، بەڵام بێبەش نیە لەدەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی، وتی"کورد بە ئاشکرا ناڕوات بۆ ئێران و تورکیا، یاخود لە وڵاتانی ترەوە سەرۆکەکانی بگۆڕن."

بەڕای محەمەدی حاجی مەحمود، بەئامانج کردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیامبووە، چونکە کازمی لەدەرئەنجامی ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا بووە سەرۆک وەزیر، ئەگینا خاوەن هێز و کوتلەی گەورە نەبوو، وتی"کازمی دەیویست جارێکی تر ببێتەوە سەرۆک وەزیران، ڕەنگە سەدریش وەکو یەکێک لە کاندیدەکانی داینابێت، بۆیە بەئامانج کردنی دوو حاڵەتە، یان ئەوەتا خەز عەلی و جەماعەتەکەی لەپشتەوە بێت، تا بیترسێنن و خۆی کاندید نەکاتەوە، یاخود سیناریۆی کازمی خۆی بوو، چونکە سعات و نێوێک پێش هێرشەکە و بەو نیوە شەوە لەماڵ دەرچووە."

سکرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان باسیلەوەشکرد، شیعە پۆستی سەرۆک کۆمار ناداتە سونە، چونکە ئەو پۆستە هێزی لایە، گەر بدرێتە سونە، سونە کودەتا دەکات، لەکاتێکدا گەر لای کورد بێت، بێ مەترسی و بێ کێشەیە، وتیشی"پێشتر ئەو پۆستە لای یەکێتی بووە، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، لەهەموو حاڵەتێکدا نابێت بەکێشە و یەکێتی و پارتی لەسەری ڕێکدەکەون، ڕەنگە ناو یەکێتیش چەند کاندیدێک هەبێت بۆ ئەو پۆستە."

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:02 0:00


XS
SM
MD
LG