Accessibility links

شوان محەمەد: گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکومەت بەڕوونی دیارە، کە تەیاری سەدرییە


بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان پێشبینی دەکات، پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دوابکەوێت، بەو پێیەی لایەنەکان سکاڵایان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە و لایەنە شیعەکانیش ناکۆکن لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان محەمەد بەرپرسی لقی بەغدای پارتی دەڵێت "ڕەنگە پێکهێنانی حکومەت دوابکەوێت، چونکە لایەنێکی زۆر سکاڵایان لەسەر کۆمیسیۆن تۆمارکردووە."

جەختیشیکردەوە "پێکهێنانی حکومەت، کێشمەکێشی زۆر لێدەکەوێتەوە لەنێوان لایەنە شیعەکان، هیوادارین ناکۆکیەکان بە ئاشتی تێپەڕن، تا حکومەتێکی باش پێکبهێنرێت."

دەربارەی هەڕەشەی گروپە چەکدارەکان و ڕازی نەبوون بە ئەنجامی هەڵبژاردن، شوان محەمەد وتی "ئاڵۆزی لە عێراق شتێکی تازە نیە، هەمیشە دۆخی عێراق لەڕووی سیاسی و ئەمنی و کۆمەڵایەتیەوە ئاڵۆزە، گەر ئاڵۆزیەکان درێژە بکێشن کە هۆکارەکەی ناکۆکی سیاسیە، ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر واقعی ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ئابووری."

بەرپرسی لقی بەغدای پارتی پێیوایە، ئەنجامی هەڵبژاردن کوتلەی گەورە بۆ پێکهێنانی حکومەت دیاریدەکات، وتی"ئێستا کوتلەی گەورە بەڕوونی دیارە، سەدر گەورەترین کوتلەیە، بەڵام پێکهێنانی حکومەت چەند ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە، ئەوە بابەتێکی ترە، کورد و سونەش پێیانباشە لایەنە شیعەکان ڕێکبکەون، تا ناکۆکیەکان ڕەنگدانەوەی نەبێت لەسەر ئایندەی حکومەت."

دەربارەی بێدەنگی کورد و نەچوونە پێشەوە بۆ هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ لایەنێک لەلایەنە شیعیەکان، شوان محەمەد وتی"کورد بێدەنگ نیە و هەڵوێستی ڕوونە، داوادەکات کوتلە شیعەکان کێشەکانیان یەکلایی بکەنەوە، تا حکومەتی داهاتوو بەشێوەیەی تەندروست پێکبهێنرێت."

شوان محەمەد لەبارەی چانسی کازمی بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی، دەڵێت"ڕەنگە دوای یەکلایی کردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەربکەوێت، ئایا لایەنە شیعەکان ڕێکدەکەون یان نە، ئەوکات چانسی کازمی بۆ مانەوەی لەپۆستەکەی دەردەکەوێت."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، شوان محەمەد بەرپرسی لقی بەغدای پارتی، ڕوونیکردەوە حیزبەکەی لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان لێکتێگەیشتنی هەیە و بەرژەوەندیەکانی خەڵک بنەمای لێکتێگەیشتنەکانیانن، بەڵام ڕەتکیرەوە تا ئێستا ڕێککەوتنی سیاسیان هەبێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:28 0:00


XS
SM
MD
LG