Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: هەڵبژاردنەکانی عێراق


هەڵبژاردنەکانی عێراق- ئەرشیف
هەڵبژاردنەکانی عێراق- ئەرشیف

تەنها دوو سێ ڕۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوە پێشوەختەکەی عێراق کە بڕیارە ڕۆژی 10ی ئەم مانگی دەیە بکرێت، بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا بەرەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە کە یەکێک بووە لە داخوازییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەرانی عێراقی، چەندێک بەشداری دەبێت لەو گۆڕانکارییە بنچینەییانەی بۆ وڵاتەکە پێویستن.

هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی 10ی مانگ، پێنجەمین هەڵبژاردنە بکرێت لەوەتای ڕوخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەینەوە بۆ ناردنی نوێنەرانی گەلی عێراق بۆ پەرلەمان، بەڵام لەم 18 ساڵەی ڕابردوودا، پرسە هەرە سەرەکییەکە ئەوەبووە، ئایا ئەو نوێنەرانە بەردێکیان ناوەتە سەر بەردێک بۆ بونیاتنانەوەی وڵاتەکەیان؟ یان کارکردنی ئەو نوێنەرانە تەنها لە چوارچێوەی بەرژەوەندی لایەنەکانیاندا بووە؟

دەشێت لە وەڵامی ئەم پرسیارەوە هەڵسەنگاندنێک بۆ ڕەوشی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە بکرێت.


میوانی بەرنامە:

خەڵەف غەفور عەزیز، نوسەر و ڕۆژنامەوان


چالاکوانان و داکۆکیکاران لە مافەکان، لە مەیدانە پڕ لە جۆش و خرۆشەکانی شارەکانی عێراقدا، بە تایبەتیش لە ناوەڕاست و باشوری وڵاتەکەدا پڕ بە دەنگ هاواریان دەکرد بۆ گۆڕانکاری و بۆ چاکسازی و بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان. لە ژێر فشاری ئەو داوایانەی شەقامی عێراقیدا، حکومەتەکەی دکتۆر عادل عەبدولمەهدی دەستی لە کار کێشایەوە، ڕێوشوێنەکانی کردنی هەڵبژاردن گۆڕانیان بەسەردا هات، وەلێ دۆسێکانی گەندەڵی وەک عێراقییەکان خۆیان دەڵێن، هەر درێژەی هەبووە و ژمارەیەکی کەمی کاربەدەستانی پلە 3 یان 4 و خوارتر لەسەر دۆسێکانی گەندەڵی دراونەتە دادگا، هیچ یەکێک لە بکوژانی خۆپیشاندەرانی عێراقی ڕادەستی دادگا نەکراون و چەندان دۆسێی هەڵپەسێردراوی تریش ماونەتەوە و لە سەرو هەمووشیانەوە؛ هێز و توانایی و دەسەڵاتی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانن.

ئەمانە وەک خۆپیشاندەرانی عێراقی دەڵێن بوونەتە هۆکار بۆ لاوازبوونی زیاتری متمانەیان بە دەسەڵاتداران و فەرمانڕەوایانی 18 ساڵی ڕابردووی وڵاتەکەیان و هەربۆیەشە لە سەروەختی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، ڕاشکاوانە باسیان لە بایکۆت کردنی هەڵبژاردن دەکرد، چونکە وەک دەڵێن لەوبڕوایەدا نین هەڵبژاردن گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی عێراقییەکاندا بێنێتە ئاراوە، بەڵام ناڵێن ئەڵتەرناتیڤیان چییە، یان بێ لە هەڵبژاردن چ میکانیزمێکی تر هەیە بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی داوای دەکەن.

ئایا دەکرێت وەها لە هەڵبژاردن لە عێراقدا بڕوانرێت کە پرۆسەیەکی دیموکراسییە؟

ئایا فشاری شەقامی عێراقی وەهای کردووە لایەنە سیاسییەکان بەرنامەڕێژییەکی نوێیان هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتەکەیان؟

ئایا لایەنە کوردستانییەکان، هاوکاتی ئەم هەڵبژاردنە و بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنیش، چ بەرنامەیەکیان هەیە بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان؟

خەڵەف غەفور، نوسەر و ڕۆژنامەوان و سەرنوسەری ماڵپەڕی مەودا پرێس، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا، وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:21 0:00


XS
SM
MD
LG