Accessibility links

مەکتەب سیاسیەکی شیوعی: تەنها کاندیدێکی فەرمیمان لە موسڵ هەیە و دەنگ بە کاندیدێکی سەربەخۆی مەسیحی دەدەین


حیزبی شیوعی کوردستان، بڕیاریداوە و ڕێنمایی داوەتە ئەندام و لایەنگرانی، تا دەنگ بە کاندیدێکی مەسیحی بدەن لە هەولێر بۆ پەرلەمانی عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو حیزبە نائومێدبوو لە بەدەستهێنانی کورسی، لە سایەی یاسای نوێی هەڵبژاردندا کە سستمەکەی گۆڕاوە بۆ بازنەی بچوک.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەبوکاروان ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان، ڕەخنە لەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەگرێت و بە یاسایەکی خراپ وەسفیدەکات، دەڵێت" دەسەڵاتداران هەوڵدەدەن یاساکان بەجۆرێک هەموار بکرێنەوە، لە بەرژەوەندی خۆیان بێت، عێراق کراوەتە 83 بازنەی هەڵبژاردن، کەواتە کورسیەکان زیاتر بۆ ئەو حیزبانە دەڕوات، کە دەنگدەریان زیاترە."

جەختیشیکردەوە "ئەو حیزبانەی دەنگدەریان زیاترە، دەنگەکانیان لەبەر باشی بەرنامە و باشی هەڵوێستەکانیان نیە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە دەسەڵاتن و پارە و هێزیان لایە و تەزویر دەکەن، باشترین یاسا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەیە هەموو عێراق یەک بازنە بێت، چونکە پەرلەمانتار نوێنەرایەتی هەموو عێراق دەکات."

دەربارەی هۆکاری پشتگیری کردنی حیزبی شیوعی لە ( فاروق حەنا عتو) کە کاندیدێکی مەسیحیە لە بازنەی هەولێر، ئەبوکاروان وتی"هاوڕێ فاروق کاندیدێکی سەربەخۆیە، بەڵام حیزبی شیوعی بڕیاریداوە پشتگیری بکات، چونکە بەرنامەکەی نزیکە لێمانەوە و کاتی خۆشی لە ڕیزەکانمان بووە، ئێمە لەگەڵ بەرنامە مامەڵە دەکەین، بەرنامەکەی باشە."

ئەندام مەکتەب سیاسیەکەی حیزبی شیوعی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، حیزبەکەی دیراسەی یاساکە و چۆنیەتی بەشداری کردنی کردووە، دواجار بڕیاریداوە تەنها لەبازنەیەکی موسڵ یەک کاندیدی فەرمی هەبێت، وتی"کاندیدە مەسیحیەکەی هەولێر کۆتایە، دەتوانرێت لەهەموو پارێزگاکانی عێراق دەنگی پێبدرێت، بۆیە ویستمان دەنگەکان دابەش نەبن و بگاتە پەرلەمان."

سەبارەت بەوەی هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ کاندیدە مەسیحیەکە هەیە، لە حاڵەتی گەیشتنیدا بەپەرلەمان نوێنەرایەتیان بکات، ئەبو کاروان وتی"ڕاستە ئێستا بێ لایەنە، بەڵام ڕابردووی لە قوربانیدان هەیە، گرنگ ئەوەیە بەرگری لەچینی کرێکار و زەحمەتکێش و هەموو پێکهاتەکان بکات، ئەوە لای ئێمە مەقبولە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا و لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، کە حیزبی شیوعی چۆن گۆڕانکاری لەبەرنامە و ستراتیژی خۆیدا ناکات، لەکاتێکدا هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن دەنگەکانی بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و حیزبەکەشی توشی چەقبەستوویی بووە، ئەبوکاروان ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان، وتی"پۆلێنکردنی حیزبەکان بۆ گەورە و بچووک ڕاست نیە، هەڵوێستەکان دەبێت بکرێنە سەنگی مەحەک، گەر سەیری ڕابردووی ئەو حیزبانە بکەی کە خۆیان بە گەورە دەزانن و هەڵسەنگاندن بۆ ئێستا و داهاتوویان بکرێت، هەرچی ناشیرینی هەیە کردوویانە، بۆیە دەنگ هێنانیان هی باشی خۆیان و بەرنامەکانیان نیە، بەڵکو هی بەکارهێنانی پارە و دەسەڵات و تەزویرکردنە."

وتیشی"پێویستە حیزبی شیوعی هەڵسەنگاندن بکات بۆ شێوازی کارکردن و شێوازی بەشداریکردنی لەهەڵبژاردندا، داکۆکی لەوەش ناکەم، حیزبی شیوعی بێ کەم و کوڕی نیە، کەم و کوڕیمان هەیە، پێویستە بەجدی کاربۆ چارەسەرکردنی کەم و کوڕیەکان بکەین."

XS
SM
MD
LG