وا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، نوری ئه‌لمالیکی سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق ، هه‌ندێک له ئه‌ندامانی کابینه نوێیه‌که‌ی ڕابگه‌یه‌نێت ، هاوکاتی ئه‌وه‌ی ناکۆکیه‌کان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی پۆسته‌کان ، مه‌ترسی لێهاتۆته ئاراوه که قه‌یرانی نۆ مانگه‌ی سیاسی وڵاته‌که به‌رده‌وام بێت.
عه‌لی ئه‌لده‌باغ ، ده‌مڕاستی حکومه‌تی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه گوتویه‌تی ، ڕاگه‌یاندنی کابینه‌ی نوێی حکومه‌تی وڵاته‌که ، که ده‌مێکه چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ، به‌پێی به‌رنامه‌ی خۆی ده‌ڕوات به‌ڕێوه.
ئه‌م لێدوانه‌ی ئه‌لده‌باغ دوابه‌دوای ڕاگه‌یاندنه‌کانی هه‌ندێک له کاربه‌ده‌ستانی تری حکومه‌ت دێت که گوتبویان ئه‌و مشت و مڕ و ناکۆکیانه‌ی له‌سه‌ر دابه‌ش کردنی پۆسته‌کان هه‌ن ، ده‌بنه مایه‌ی ناچاریی بۆ دواخستنی ڕاگه‌یاندنی کابینه‌ی نوێ.
له مانگی ڕابردوودا ، جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆکی عێراق داوای له مالیکی کرد تا حکومه‌تی نوێ پێکبهێنێت وه‌ک به‌شێک له‌و سه‌ودایه‌ی بۆ کۆتایی هێنان به قه‌یرانی سیاسی وڵاته‌که هه‌بوو.
ئه‌گه‌ری ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه ، یه‌ک ڕۆژ پاش لێدوانه‌که‌ی دکتۆر ئه‌یاد عه‌لاوی ، سه‌ره‌ک وه‌زیری پێشوی عێراق هات که گوتبووی به‌شداری ده‌کات له حکومه‌ته هاوپه‌یمانێتیه‌که‌ی مالیکیدا.