Accessibility links

عێراق: عێراق پابەندە بە ئۆپیکەوە، ڕۆژانە لە 4 ملیۆن بەرمیل زیاتر بەرهەم ناهێنێت


وەزیری نەوتی عێراق هەیان عەبدلغەنی بە ڕۆژنامەنووسانی وت عێراق پابەندە بە بڕیارەکانی گروپی ئۆپیکەوە و دوای دووەم بڕینی خۆبەخشانەی لە مانگی دوانزەدا ڕایگەیاند پابەندە بە بڕیارەکەی ئۆپیکەوە و ڕۆژانە لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت زیاتر بەرهەم ناهێنێت.

وتیشی لە ئێستادا هەناردەی نەوتی عێراق ڕۆژانە لە نێوان 3.35 ملیۆن بەرمیل بۆ 3.4 ملیۆن بەرمیلدایە.

وەزیرەکە وتیشی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانەی نەوتدا کە لە کوردستانی عێراقدا کاردەکەن بەرەوپێشچوون لە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییەی کە بووەتە هۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە.

وتی " دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە پەیوەستە بە دەستپێکردنی بەرهەمهێنانەکانەوە لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوچەکەدا. گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن لە ڕێگادان بەرەو گەیشتن بە چارەسەرێک لە ئایندەیەکی نزیکدا."

جێگری وەزیری نەوتی عێراق لە مانگی یانزەدا وتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دووبارە گفتوگۆکردنەوە سەبارەت بە گرێبەستە هاوبەشەکانی بەرهەمهێنانی ئێستا و گۆڕینییان بۆ شێوازێکی هاوبەشکردنی قازانجەکان.

لە 25 ی مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرت کە ڕۆژانە 450,000 بەرمیل بوو، ئەوەش دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئەنکەرە کردبوو قەرەبووی بەغداد بکاتەوە لەسەر هەناردە بێ مۆڵەتەکانی لە ساڵەکانی نێوان 2014 و 2018 دا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG