سەرۆک وەزیری عێراق هەڵمەتێکی ڕاگەیاند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە توندەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لە وڵاتەکەدا، یەکێک لەو کارانەی کە ڕایگەیاند چاندنی 5 ملیۆن درەخت و داری خورمایە.
عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت کێشەی گەرمایەکی توندی هاوین و وشکەساڵی بەردەوام و کەمبوونەوەی درەختەکان و خۆڵ بارین هەیە، ئەو کێشانەش بەهۆی گەرمبوونی هەسارەی زەوییەوە خراپتر بوون.
سەرۆک وەزیری عێراق محەمەد شیاع ئەل سودانی لە کۆنفرانسێکی کەش و هەوادا وتی گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری لەسەر زیاتر لە حەوت ملیۆن هاوڵاتی عێراقی هەبووە و سەدان هەزاران کەسیش بەهۆی وشکەساڵییەوە ئاوارە بوون.
سودانی باسی لە ئاستەنگەکانی وەکو " پلەکانی گەرما و کەمی باران و زیادبوونی خۆڵ بارین " و کەمبوونەوەی سەوزایی کرد، کە ئەوانەش هەموویان " هەڕەشەن بۆ سەر خۆراک و تەندروستی و ژینگە و ئاسایشی کۆمەڵگەکە."
سودانی وتی حکومەتەکەی دەست دەکات بە " هەڵمەتێکی گەورەی سەوزایی کردنی وڵاتەکە، بە چاندنی 5 ملیۆن درەخت و داری خورماوە لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراقدا."
لە بەهاری ساڵی ڕابردوودا عێراق ڕووبەڕووی خۆڵ بارینێکی زۆر بۆوە کە بەغداد و شارەکانی دیکەی وڵاتەکەی داپۆشی، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی هەزاران کەس ڕووبەڕووی کێشەی هەناسەدان ببنەوە و قوتابخانە و فڕۆکەخانەکان داخران."
سودانی وتی پلانەکەی بریتی دەبێت لە پێشخستنی وزەی پاک و نوێکراوە، هەروەها پڕۆژەی نوێی ئاودێری و چارەسەرکردنی پڕۆژەکانی ئاو و کەمکردنەوەی سوتاندنی گازی پیشەسازی. بەڵام ئاماژەی بە وردەکارییەکان نەدا لەسەر خەرجی پلانەکە و چەندیش دەخایەنێت.
سودانی لە کۆنفرانسێکی کەش و هەوادا لە بەسڕە کە بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان باڵیۆزەکانی وڵاتانی بیانی ئامادەی بوون وتی " عێراق بەرەو پێشەوە دەچێت بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکان بۆ بونیادنانی وێستگەی وزەی نوێکراوەی کارەبا بۆ ئەوەی بتوانرێت تاوەکو ساڵی 2030 یەک لەسەر سێی خواستی کارەبامان دابین بکات."
سەرچاوە/ فرانس پرێس