Accessibility links

کۆچی ئەحمەد چەلەپی ڕەنگە کاریگەری لەسەر پەسەندکردنی بودجەی عێراق هەبێت


ئەحمەد چەلەبی ڕێبەری پارتی کۆنگرەی نیشـتیمانی عێراق و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی کازمیـیەی بەغدا لە تەمەنی 71 سـاڵی بە وەستانی دڵ کۆچی دوایی کرد.

ژمارەیەکی زۆر لە کاربەدەسـتان و ڕێبەرانی سیاسی عێراق ماتەمینی خۆیان بۆ کۆچی دوایی ئەم سیاسەتمەدارەی وڵاتەکەیان ڕاگەیاند، لەوانە فوئاد مەعسوم سەرۆکی عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر و سەلیم ئەلجبوری سەرۆکی پەرلەمان.

چەلەبی کە شیعەئاینزایەکی سیکیولار بوو، ڕۆڵێـکی گەورەی هەبوو لە هاندانی بەڕێوەبەرایەتی ئەمەریکا بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری پـێشووی عێراق سەدام حسێن، ئەوەش لە ڕێگەی ئەو ڕاپـۆرتانەی بە کاربەدەسـتانی ئەمەریکای دابوو و تیایدا باسی لەوە کردبوو ڕژێمی سەدام خاوەنی چەکی کۆمەڵ کوژە و پەیوەندی بە قاعیدەوە هەیە، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو زانیاریانە ڕاست نەبوون.

چەلەبی لە ساڵی 1945 لە بەغدا لە دایکبووە و لە ساڵی 1958 پاش ڕووخاندنی حوکمڕانی پاشایەتی لە عێراقدا لەگەڵ بنەماڵەکەی عێراقـیان جێهێشت کە ئەو دەمە باوکی وەزیری بازرگانی بوو. زۆربەی ژیانی لە دەرەوەی عێراق بەسەربرد، بەڵام لە نەوەدەکاندا چەند سـاڵێـک لە هەرێمی کوردسـتانی عێراق بوو و پاشان لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی بەغدا لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە لە سـاڵی 2003 گەڕایەوە بەغدا.

کەسێـکی شارەزای کاروباری دارایی و کارداری بوو و بڕوانامەی دکتۆرای لە ماتماتیک بەدەسـتهێنابوو لە زانکۆی شیکاگۆی ئەمەریکا لە سـاڵی 1969.

کۆچکردنی چەلەبی شیانی هەیە ببێتە مایەی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەی سـاڵی 2016 ی عێراق، بەو پـێـیەی سەرۆکی کۆمیتەی دارایی بوو لە پەرلەمانی عێراقدا.

XS
SM
MD
LG