Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەسڕە لە پەرلەمان


سەرۆک وەزیری عێراق داوایکردووە پەرلەمانی نوێی وڵاتەکەی زوو دەستبەکاربێت و دەڵێت ئامادەیە لە پەرلەمان تاووتوێی کێشەکانی پارێزگای بەسڕە بکەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.

ئۆفیسی حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر فەیسبوکەکەی نووسیویەتی عەبادی جەختی لەسەر گرنگی پەلەکردن لە دەسـتپـێکردنی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە و هەروەها گرنگی پابەندبوون بەو خشتە کاتیـیانەی لە دەستوردا هاتوون بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لەسەر شانی ئەنجومەنی نوێنەراندا هەیە.

پاشان نووسیویەتی عەبادی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە لەگەڵ وەزیران و کاربەدەستانی پەیوەندیداری حکومەتەکەی بچنە پەرلەمانەوە تاوەکو تاووتوێی ڕەوش و پـێدوایستیـیەکانی پارێزگای بەسرە بکەن و ڕێوشوێنی پـێویست بگرنەبەر بۆ نەهێشتنی مەینەتیـیەکانی خەڵکی بەسڕە و پـێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدری شیعەکان، داوای لە پەرلەمانی نوێی وڵاتەکەی کرد بە پەلە و هەتا ڕۆژی یەکشەممە دانیشتنێکی تایبەت ئەنجام بدات بە ئامادەبوونی حەیدەر عەبادی و کاربەدەستانی دیکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەسڕە.

سەدر لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە نزیکەی 30 هەزار لە دانیشتوانی بەسڕە بەهۆی ئاوی پـیسی پارێزگاکەیان بۆ نەخۆشخانە براون.

چەند مانگێکە ناڕەزایی پارێزگای بەسڕەی گرتووەتەوە بەهۆی خراپـی خزمەتگوزاریـیەکانی و کەمی هەلی کار. کاربەدەستانی عێراق چەندان جار بەڵێنی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەسڕەیان داوە، بەڵام هێشتا وەک پـێویست کاریان بۆ نەکردووە.

XS
SM
MD
LG