Accessibility links

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی بەسڕە: 6 خۆپـیشاندەر بە گوللەی هێزەکانی ئاسایش کوژراون


بەڕێوەبەری ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی پارێزگای بەسڕە دەڵێت هێزەکانی ئاسایشی شاری بەسڕە تەقەیان لە خۆپـیشاندەران کردووە و لە ئاکامدا 6 کەس کوژراون و زیاتر لە 20 کەسی دیکە برینداربوون.

مەهدی تمێمی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس گوتی هێزەکانی ئاسایش لولەی چەکەکانیان کردووەتە خۆپـیشاندەران و تەقەیان لێکردوون و ئەو زیانە گیانیانەی لێکەوتووەتەوە.

خۆپـیشاندانەکان شەوی سێشەممە جارێکی دیکە لە بەردەم ئۆفیسی پارێزگای شارەکە دەستیپـێکردەوە و ژمارەیەک لە خۆپـیشاندەران بۆمبی مۆلۆتۆفیان گرتە ئۆفیسەکە.

جەنەڕاڵ سەعەد مەعەن گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند خۆپـیشاندەران گەمارۆی بینای پارێزگای بەسڕەیان داوە و نهۆمی سەرەوەی بیناکە ئاگری گرتووە. جەختی کردەوە ئەوان لە دژی بەکارهێنانی چەکن لە بەرامبەر خۆپـیشاندەران و لە ئێستادا لەسەر ڕاسپاردەکانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر لێکۆڵینەوە دەکرێت.

پـۆلیس هەروەها گازی فرمێسک ڕێژی بەکارهێناوە بۆ بڵاوەپـێکردنی خۆپـیشاندەران. دەسەڵاتداران قەدەغەی هاتووچۆیان لە شارەکە ڕاگەیاند.

سەرچاوەکانی تەندروستی لە شاری بەسڕە دەڵێن 15 لە ئەندامانی پـۆلیسش لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا برینداربوون.

لە لایەکی دیکە تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە شاری بەسڕە دەڵێن نائارامیـیەکی زۆر شارەکەی گرتووەتەوە و خەڵکی بۆ بەخشینی خوێن ڕوویان لە نەخۆشخانەکان کردووە.

XS
SM
MD
LG