Accessibility links

ڕۆیتەرز: ماددەیەکی تیشکداری زۆر مەترسیدار لە عەمبارێـک لە باشوری عێراق دزراوە


بەپـێی چەند دۆکۆمێنتێـکی وەزارەتی ژینگەی عێراق ماددەیەکی تیشکداری ناوکی زۆر مەترسیدار لە عەمباری کۆمپانیایەک لە نزیک شاری بەسرەی باشوری وڵاتەکە دزراوە و کاربەدەسـتان مەترسیان هەیە کەوتبێتە دەسـتی کەسانی خراپەوە، لەوانە داعش.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە ڕاپـۆرتێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی حەوت کاربەدەسـت لە دەزگای ئاسایش و وەزارەتی ژینگە هەواڵەکەیان پشـتڕاستکردووەتەوە.

یەک لە دۆکۆمێنتەکانی دەسـت ڕۆیتەرز کەوتوون، تیایدا نووسراوە ماددەکە لە ئامێرێـکی بچوکدا بووە کە بە قەبارەی لاپـتۆپـێـکە و لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو لە عەمباری کۆمپانیای نەوتی وێزەرفۆرد Weatherford ی ئەمەریکایی دزراوە.

گوتەبێژێـکی وەزارەتی ژینگەی عێراق بە ڕۆیتەرزی گوتووە ناتوانێت لەم بارەیەوە لێدوان بدات بەهۆی چەند مەترسیـیەک کە پەیوەندیـیان بە ئاسایشی نیشتیمانیـیەوە هەیە. بە هەمان شێوە گوتەبێژی کۆمپانیای وێزەرفۆرد لە عێراق ئەویش هیچ لێدوانێـکی نەدا و هەروەها ئۆفیسی سەرەکی کۆمپانیاکە کە لە هیوستنی ئەمەریکایە وەڵامی ڕۆیتەرزی نەداوەتەوە.

بەپـێی دۆکۆمێنتەکان کۆمپانیای SGS ی تورکی بنکە لە ئستەنبوڵ خاوەنی ئەو ماددەیەیە کە تیشکی گاما دەردەکات و بۆ دۆزینەوەی کەموکوڕی لە لولە نەوت و گازدا بەکاردەهێنرێت.

بەرپرسی ئەم کۆمپانیا تورکیـیەش لە عێراق ئامادە نەبووە هیچ لێدوانیک بدات و گوتویەتی پەیوەندی بە بارەگای سەرەکی لە تورکیا بکەن، بەڵام ئەوانیش وەڵامیان نەداوەتەوە.

دۆکۆمێنتێـک کە ڕۆژی 30 ی مانگی یازدەی 2015 دەرچووە و ئاڕاستەی بەشی تیشکی وەزارەتی ژینگە کراوە، تیایدا نووسراوە ماددەی "ئیریدیۆم 192 " کە تیشکدەرێـکی زۆر مەترسیدارە و هی کۆمپانیای SGS یـیە لە عەمبارێـکی کۆمپانیای وێزەرفۆرد لە پارێزگای بەسرە دزراوە.

کاربەدەستێـکی باڵای سەر بە وەزارەتی ژینگە لە بەسرە بە ڕۆیتەرزی گوتووە ئامێرە دزراوەکە نزیکەی 10 گرام لە ماددەی "ئیریدیۆم 192 " تێدابووە. گوتوشیەتی دەشکرێت ئەم ماددەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجەش بەکاربهێنرێت.

جێی ئاماژەیە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئەم ماددەیە بە سەرچاوەیەکی پـلە دووی تیشکدەر دادەنێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەربێت و هەر کەسێـک بۆ ماوەی چەند خولەکێـک تیشکی ئەم ماددەیەی بەربکەوێت، ئەوا زیان بە جەستەی دەگات و ئەگەربێت و ماوەکە ببێت بە چەند کاژمێرێـک یان چەند ڕۆژێـک، ئەوا بۆی هەیە کوشندە ببێت.

دەیڤد ئۆڵبرایت سەرۆکی ئنستتیوتی زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی لە واشنتن دەڵێت ئەگەر بێت و ئەم ماددەیە لە شوێنێـکی گشتیدا دابنرێت ئەوا زیانی زۆری لێدەکەوێتەوە. بۆیە ئەمە مەترسیـیەکی کەم نیـیە و دەبێت بدۆزرێتەوە.

کاربەدەستێـکی باڵای ئاسایشی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەم بارەیەوە بە ڕۆیتەرزی گوتووە مەترسیان هەیە ئەم ماددەیە کەوتبێتە دەستی داعشەوە.

بەڵام لەگەڵ ئەو مەترسیـیە هێشتا هیچ بەڵگەیەک نیـیە کە گومانی لێ بکرێت ئەم ماددەیە کەوتبێتە دەسـتی داعشەوە، بە تایبەتی کە لە ناوچەی بەسرە بوونیان نیـیە.

پاشان کاربەدەسـتەکەی وەزارەتی ناوخۆ گوتویەتی لێکۆڵینەوە سەرەتایـیەکان نیشانی دەدەن ئەوەی بردوویەتی زانیویەتی چی بردووە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە هیچ کلیلێـک نەدزراوە و هیچ قفڵێـک یان دەرگایەک نەشکێنراوە یان لە شوێنێـکی عەمبارەکە چووبنە ناوەوە.

گوتەبێژێـک بە ناوی ژوری ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە گوتویەتی لەشکر و پـۆلیس و موخابەرات شەو و ڕۆژ پـێکەوە کاردەکان بۆ دۆزینەوەی ئەم ماددە دزراوە.

کاربەدەسـتێـکی دیکە لە وەزارەتی ژینگە ئاشکرای کردووە پاش دیارنەمانی ئامێرەکە لە 13 ی مانگی یازدە، تیمی تایبەت دەستیان کردووە بە پشـکنین لە دامودەزگاکانی نەوت و هەروەها خاڵە سنووریـیەکان تاوەکو ئەک ئامێرە دزراوە بدۆزنەوە.

دوو کاربەدەسـتی حکومیش لە بەسرە گوتویانە لە 25 ی مانگی یازدەوە نەخۆشخانەکانی بەسرە لەمە ئاگادارکراونەتەوە تاوەکو خۆیان ئامادەبکەن بۆ چارەسەرکردنی هەر کەسێـک بەم جۆرە تیشکە زیانی پـێبگات.

XS
SM
MD
LG