Accessibility links

زنجیرەیەک تەقینەوەی خۆکوژی لە عێراق کوژرانی 29 کەسی لێدەکەوێتەوە


کاربەدەسـتان دەڵێن ئەمڕۆ دووشەممە زنجیرەیەک تەقینەوەی خۆکوژی لە باشور و ناوەڕاستی وڵاتەکە کوژرانی بە لای کەم 29 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکەی لێکەوتەوە.

خوێناویترین تەقینەوەیان لە باشوری شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زی قار بوو، کاتێـک خۆکوژێـک خۆی لە ڕێستورانتێـکی سەر جادەی سەرەکی نێوان هەردوو شاری بەسرە و ناسریە تەقاندەوە کە چەکدارانی حەشدی شەعبی ڕووی لێدەکەن. ئەفسەرێـکی پـۆلیس بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت بەهۆی تەقینەوەکە بە لایەنی کەم 14 کەس کوژران و 27 کەسی دیکە برینداربوون.

هاوکات لە شاری بەسرەش خۆکوژێـکی دیکە ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراوی لە ناوچەی خۆرەی ناوەندی شارەکە تەقاندەوە و بووە مایەی کوژرانی بە لایەنی کەم 5 کەس و برینداربوونی 10 کەسی دیکە. لەوێش پـۆلیسێـک بە ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت جگە لە زیانە گیانیـیەکان هەروەها نزیکەی 30 ئۆتۆمبیل زیانیان پـێگەیشتووە.

بەر لەم دوو تەقینەوەیە، هەر ئەمڕۆ خۆکوژێـک لە ناوچەی قەنات ئەلسەدری باکوری ڕۆژهەڵاتی بەغدای پایتەخت، ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراوی بە خاڵێکی پـشکنین تەقاندەوە و سەرئەنجام 6 سەرباز کوژران و 13 سەربازی دیکە برینداربوون.

لە شارۆچکەی مشاهدەی باکوری بەغداش، خۆکوژێـک ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراوی بە شوێنێـکی حەشدی شەعبی تەقاندەوە و لە ئاکامدا 4 حەشدی شەعبی کوژران و 10 ی دیکەیان برینداربوون.

XS
SM
MD
LG