سەرۆک وەزیری عێراق سەردانی شاری بەسڕەی باشوری وڵاتەکەی کرد، ئەمەش پاش ئەو خۆپـیشاندان و ناڕەزایـیانەی توندوتیژیـیان لێکەوتنەوە و بوونە مایەی کوژرانی 12 کەس و سووتاندنی ژمارەیەک دامودەزگای حکومی و وێرانکردنی کونسوڵخانەی ئێران.
حەیدەر عەبادی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی وڵاتەکەی گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕە و لەوێ لەلایەن ژمارەیەک بەرپـرس و ئەفسەر پـێشوازی لێکرا.
پاشان عەبادی و شاندی یاوەری کە لە ژمارەیەک وەزیر و کاربەدەست پـێکهاتبوون لەگەڵ هەریەک لە ئەسعەد ئەلعیدانی پارێزگاری بەسڕە و وەلید گێطان سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و کاربەدەستانی دیکەی پارێزگاکە کۆبوونەوە.
ئۆفیسی سەرۆک وەزیر دەڵێت لە کۆبوونەوەکە باس لە خزمەتگوزاریـیەکان کراوە، بە تایبەتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە. دەشڵێت عەبادی گوتویەتی ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ئاگاداربوونە لە خزمەتگوزاریـیەکان و دڵنیابوون لە سەقامگیری پارێزگاکەیە.
هەروەها بە شێویەکی ناڕاستەوخۆ ناڕەزایی خۆی بەرامبەر وێرانکردن و سووتاندنی کونسوڵخانەی ئێران لە بەسڕە دەربڕی و گوتی دەستدرێژیکردنە سەر کونسوڵخانە و شوێنە دیپـلۆماسیـیەکان ڕەتدەکەنەوە. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هێزی ئاسایشی زیاتر بۆ بەسڕە ڕەوانەدەکرێت و گوتویەتی ناکرێت خزمەتگوزاری هەبێت ئەگەر ئاسایش نەبێت.
جێی ئاماژەیە چەند مانگێکە ناڕەوزایـیەکی زۆر پارێزگای بەسڕەی گرتووەتەوە بەهۆی خراپی خزمەتگوزاریـیەکان و بەرزی ڕێژەی بێکاری لەو پارێزگا دەوڵەمەند بە نەوتەی عێراق.