Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق دەگاتە شاری بەسڕە بە ئامانجی هێورکردنەوەی ناڕەزایـیەکان


سەرۆک وەزیری عێراق گەیشتە شاری بەسڕەی باشوری وڵاتەکەی، ئەمەش پاش شەش ڕۆژ لە خۆپـیشاندان و مانگرتنی بە هەزاران کەس لەو پارێزگا دەوڵەمەند بە نەوتە لە بەرامبەر خراپی خزمەتگوزاریـیەکان و بەرزی ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکەیاندا.

حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ هەینی لە برۆکسلەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەسڕە و لەوێ لە لایەن کاربەدەستانەوە پـێشوازی لێکرا و پاشان بەرەو دامودەزگا ئیداریـیەکانی پارێزگاکە بەڕێکەوت تاوەکو لەوێ لەگەڵ کاربەدەستان کۆببێتەوە بۆ تاووتوێکردنی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان.

گرژیـیەکان لەو پارێزگایە هێندەی دیکە زیاتربوون دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە خۆپـیشاندەرێک بە گولـلە کوژرا کاتێک هێزەکانی ئاسایش هەوڵی بڵاوەپـێکردنی خۆپـیشاندەرانیان دەدا.

چاوەڕوان‌دەکرێت لە کاژمێر 5 ی پاش نیوەڕۆ خۆپـیشاندانێکی ناڕەزایی گەورە لە بەردەم ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە بەڕێوەبچێت و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیـیەکانەوە وێنەی گردبوونەوەی خۆپـیشاندەران لە جادەکانی شارەکە بڵاوکراونەتەوە.

خۆپـیشاندەران داوا دەکەن خزمەتگوزاریـیەکانی ئاو و کارەبا و شارەوانی شارەکە باشتربکرێن و هەروەها کارەکانی کەرتی نەوتی ناو پارێزگاکەیان کە زۆربەی بە کرێکارانی بیانی دراون بدرێن بە بێکارانی پارێزگاکە.

ئۆفیسی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیری عێراق لە ڕێگەی فەیسبوکەوە چەندان وێنە و ڤیدیۆی عەبادی بڵاوکردووەتەوە کە تیایاندا لەگەڵ کاربەدەستانی پارێزگاکە کۆبووەتەوە، لەوانە ئەسعەد ئەلعیدانی پارێزگاری بەسڕە و کاربەدەستانی ئاسایش و بەڕێوەبەری کارەبای باشور و بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی بەسڕە.

XS
SM
MD
LG