Accessibility links

پارێزەرێکی لایەنگری خۆپـیشاندەرانی بەسڕە دەکوژرێت


سەرچاوەکان لە سەندیکای پارێزەرانی بەسڕە دەڵێن پارێزەرێکیان کە داکۆکی لە مافی خۆپـیشاندەرانی شارەکەیانی دەکرد لە هێرشێکی چەکداریدا کوژراوە.

سەندیکای پارێزەرانی بەسڕە شەوی دووشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا لەسەر فەیسبوکەکەی هەواڵی کوژرانی پارێزەر جەبار محەمەد کەرم بڵاوکردەوە و داوای لە پارێزەران کرد سبەی سێشەممە لە بەردەم دادگای پـیاداچوونەوەی فیدڕاڵی لە بەسڕە ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن.

لە لایەکی دیکە عەقیل مەهاوی ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی بەسڕە بۆ کەناڵی سکای نیوز عەرەبیـیەی ڕاگەیاند پارێزەر جەبار لە بەردەم بنکەی پـۆلیسی هادی لە شاری بەسڕە لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە. دەڵێت زیاتر لە 15 گولـلەی لێدراوە.

مەهاوی جەختی لەوە کردەوە سەندیکای پارێزەران هەتا ئێستا نەیانزانیوە کە ئایا هۆکاری کوشتنی پارێزەر جەبار پەیوەندی بە بەرگریکردن لە خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان بووە یاخود بەهۆی کاری پارێزەرییەکەیەوە بووە.

جێی ئاماژەیە هەفتەی ڕابردوو خۆپیشاندانی گەورە لە بەسڕە لە دژی گەندەڵی بەڕێوەچوو. لە 17 ی ئەم مانگەدا گرتە ڤیدییۆییەکانی چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سوتاندنی وێنەی خومەینی لە شەقامی حەی زەهرای شارەکە دەردەخەن.

هەروەها خۆپیشاندەران لە چواردەی مانگدا بنکەکانی حیزبە عێراقییەکانی سەر بە ئێرانیان سوتاند، لەوانەش بنکەی حیزبوڵا و ماڵی کۆمەڵێک سیاسەتمەداری سەر بە ئێران لە شاری نەجەف.

لەگەڵ ئەوانەشدا خۆپیشاندەران گڕیان بەردایە بنکەکانی هەندێک لە گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی و بەردیان گرتە لقەکانی حیزبی دەعوە و ڕێکخراوی بەدر.

XS
SM
MD
LG