Accessibility links

کاربەدەستانی عێراق هێرشی سەر باڵیۆزخانەی بەحرەین لە بەغدا شەرمەزاردەکەن


دسەڵاتدارانی عێراق هێرشەکەی شەوی پـێنجشەممەی سەر باڵیۆزخانەی بەحرەین لە بەغدا شەرمەزاردەکەن و دەڵێن ئاسایشی باڵیۆزخانەکان هێڵی سوورە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات کە هەندێک لە خۆپـیشاندەران کردبوویانە سەر باڵیۆزخانەی بەحرەین و دووپاتی دەکاتەوە کە وابەستەیە بە پاراستنی دیپـلۆماتان و شوێنە دیپـلۆماسیـیەکان.

وەزارەتەکە گوتیشی ئاسایشی باڵیۆزخانەکان هێڵی سوورە و ڕێگە نادەن پـێشێلبکرێت و دەزگا ئاسایشیـیەکان هەموو ڕێوشوێنێکی پـێویستیان گرتووەتەبەرو و ژمارەیەک لە هێرشبەرەکان دەستگیرکراون و ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی بوونەتە هۆکاری هێرشەکە.

هاوکات محەمەد عەلی ئەلحەکیم وەزیر دەرەوەی عێراق پەیوەندی تەلەفۆنی بە شێخ خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە هاوتا بەحرەینیـیەکەی کرد و بۆی دووپاتکردەوە عێراق هێرشەکە شەرمەزادەکات.

بەپـێی وەزارەتەکە وەزیری دەرەوەی بەحرەین جەختی کردووەتەوە ئەو جۆرە کردارانە کار ناکەنە سەر پەیوەندی برایانەی نێوان عێراق و بەحرەین.

لە لایەکی دیکە یاسین تاهیر ئەلیاسری وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی باڵیۆزخانەکەی کرد و لەسەر فەیسبوکەکەی نووسیویەتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەموو دەسـتگیرکراوەکان دەکرێت و دەدرێنە دادگا.

بەحرەینیش لای خۆیەوە لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە ناڕەزایی بەرامبەر هێرشەکە دەربڕی و بریکاری باڵیۆزخانەی عێراق بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتکرد.

هەروەها حەمەد بن عیسا ئال خەلیفە پاشای بەحرەین پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق کرد.

جێی ئاماژەیە شەوی ڕابردوو نزیکەی 200 خۆپـیشاندەر لە بەردەم باڵیۆزخانەی بەحرەین لە بەغدا ئاڵای ئیسرائیلیان سووتاند و پاشان ژمارەیەکیان خۆیان کرد بە نێو باڵیۆزخانەکە و ئاڵای بەحرەینیان داگرت و لە شوێنی ئاڵای فەڵەستینیان بەرزکردەوە، ئەمەش وەک دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر ئەو کۆنگرەیەی لە بەحرەین ئەنجام درا بۆ پـرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیـیەکان.

XS
SM
MD
LG