Accessibility links

سەرپەرشتیاری گشتی کەناڵی ڕەشیدی عێراق دەکوژرێت


کەناڵی تەلەفیزیۆنی ڕەشید لە عێراق دەڵێت سەرپەرشتیاری گشتی کەناڵەکەی ئەمڕۆ سێشەممە لە بەردەم ماڵەکەی لە بەغدا کوژراوە.

کەناڵەکە لە هەواڵێکیدا ڕایگەیاند، بەپـێی سەرچاوەیەکی ئاسایشی، کۆمەڵێک چەکداری نەناسراوە بە ئۆتۆمبیلی بێ ژمارە و چەکی بێ دەنگ تەقەیان لە نزار ذنون کردووە و کوشتوویانە کاتێک لە ماڵەکەی هاتووەتە دەرێ لە گەڕەکی ئەلجامعە لە ڕۆژئاوای بەغدا.

پاش هێرشەکە هێزەکانی ئاسایش گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە.

لە دوای زیادبوونی گرژیـیەکان لە عێراق بەهۆی خۆپـیشاندانەکانی دژی حکومەت، هێرشەکان بۆ سەر چالاکوانان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی هاوسۆز لەگەڵ خۆپـیشاندەران زیادیانکردووە. پـێش چەند مانگێک کۆمەڵێک چەکدار هێرشیان کردە سەر بارەگای سەرەکی کەناڵی (دجلة) کە دەکەوێتە ناوچەی کەڕادەی بەغدا و لە ئاکامدا تەواوی بارەگاکە سوتێنرا.

کەناڵی ڕەشید وەک کەناڵێکی سەربەخۆ خۆی پـێناسە دەکات، خاوەنەکەی سەعد عاسم ئەلجەنابـیـیە کە سەرۆکی حزبێکە بە ناوی (التجمع الجمهوري العراقي).

XS
SM
MD
LG