Accessibility links

یەکێتى و وەزارەتى نەوتى بەغدا لەسەر کێشەى کۆمپانیاى نەوتى باکور گفتوگۆ دەکەن


هێزەکەى یەکێتى تا ئێستا لەنێو کۆمپانیاى نەوتى باکوردا ماوە ، وەفدێکى پەرلەمانتارانى ئەو حیزبەش لەبەغدا بۆ گفتووگۆکردن لەسەر ئەو مەسەلە سەردانى وەزارەتى نەوتى عێراقیان کرد.

رۆژى 2 ى ئەم مانگە یەکێتى هێزى بەرەو کۆمپانیاى نەوتى باکور کەلەلایەن حکومەتى عێراقیەوە بەرێوە دەبرێت جوڵاند و هێزیان بردە نێو کۆمپانیاکە و بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک هەناردەى نەوتەکەیان راگرت، دواتر بەرپرسانى ئەو حیزبە هۆکارى گرتنەبەرى ئەو رێوشوێنەیان بۆ پابەند نەبوونى وەزارەتى نەوتى عێراق بەرێکەوتنێکى لەگەڵ ئیدارەى کەرکوک گێرایەوە.

محەمەد عوسمان یەکێک لەپەرلەمانتارانى یەکێتى ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامە، گەر سەرجەم خاڵەکانى نێو رێکەوتنە 7 خاڵیەکە جێبەجێ‌ نەکرێت ، دەبێت رێکەوتنەکە بەتەواوەتى هەڵبوەشێتەوە."

بەپێى رێکەوتنە حەوت خاڵیەکەى نێوان چەند پارێزگارێک کە پارێزگارى کەرکوکیشى تێدابووە لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عێراق کە رۆژى 10/1 ى ئەمساڵ ئیمزا کراوە ، وەزارەتى نەوتى عێراق تاوتوێى پێدانى 40 هەزار بەرمیل نەوت دەکات بە پاڵاوگەى ئاسکى کەڵەک و دابینکردنى بەرهەمەکەى بۆ پارێزگاى نەینەوا ، هەروەها رۆژانە 20 هەزار بەرمیل نەوتى خاوى کێلگە نەوتیەکانى کەرکوک بۆ کۆمپانیاى قەیوان فەراهەم بکرێت بەمەبەستى دابینکردنى بۆ هاوڵاتیانى پارێزگاى سلێمانى.

هەروەها لە خاڵى 4 ى رێکەوتنەکەدا ، ئاماژەبەوەکراوە وەزارەتى نەوت پاڵپشتى و هاوکار دەبێت بۆ دووبارە پەرەپێدانى پاڵاوگەى نەوتى باکور، هەروەها لەخاڵى 6 هاتووە "پشتگیرى کردنى پارێزگاى کەرکوک ، بۆ دەستکردن بە فراوانکردنى پاڵاوگە و کارکردن لەگەڵ کۆمپانیاى بەرهەم بۆ دانانى پاڵاوگەى نوێ‌.

سەبارەت بەچارەنوسى ئەو هێزە گەر بەغدا داواکاریەکانى جێبەجێ‌ نەکردن، محەمەد عوسمان وتى"ئەو هێزە بۆ داگیرکردن نەچووە ، گەر رێکەوتنەکە جێبەجێ‌ نەکرێت نازانین دۆخەکە بەرەو کوێ‌ دەچێت."

هەردواى جوڵاندنى هێز بەرەو کۆمپانیاى نەوتى باکور کە کاردانەوەى بەغدا و لایەنەکانى هەرێمى لێکەوتەوە ، بەرپرسانى یەکێتى گفتووگۆ و کۆبونەوەیان لەگەڵ کەسایەتیە عەرەبەکانى کەرکوک و حیزب و لایەنە کوردیەکاندا دەستپێکرد.

دکتۆر محەمەدخورشید بەرپرسى لقى کەرکوکى پارتى، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"وەکو لایەنەکان بەیەکێتى مان راگەیاند، کە بەکارهێنانى هێز کارێکى باش نەبووە."

وتیشى"وەڵامى یەکێتى ئەوەبوو کە مەبەستیان بەکارهێنانى هێز نەبووە بەڵکو گەیاندنى نامەى نارەزایەتى بووە بەبەغدا."

بەرپرسانى یەکێتى هۆکارى نیگەرانیەکانیان بۆ ئەوە دەگێرنەوە ، لەکاتێدا ناوەرۆکى رێکەوتنە حەوت خاڵیەکە جێبەجێ‌ نەکراوە و پاڵاوگە بۆ کەرکوک دابین نەکراوە، کەچى رەزامەندى دراوە بە ناردنى رۆژانەى 40 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەى کۆمپانیاى کارەوە بۆ پاڵاوگەى کەڵەکەک و ناردنى بەرهەمەکەى بۆ موسڵ.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:21 0:00

XS
SM
MD
LG