Accessibility links

سەرۆکى ڕێکخراوى بەدر لە قەرەتەپەى پارێزگاى دیالە کوژرا


شەوى سێشەممە سەرۆکى ڕێکخراوى بەدر لە ناوچەى قەرەتەپەى پارێزگاى دیالە کە لەلایەن داعشەوە بۆمبى چێنراوى بۆ دانرابوو ، کوژرا و کوڕێکیشى کە لە کاتى ڕووداوەکەدا لەگەڵى بوو بە سەختى برینداربووە.

محەمەد حاجى عومەر بەرپرسى کۆمیتەى یەکێتى لە ناحیەى قەرەتەپە ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەبو حەسەن ى فەرماندەى رێکخراوى بەدر بۆ پشکنینى گوندە عەرەب نیشینەکانى خوارووى قەرەتەپە لەگەڵ هێزەکەیدا رۆیشتوە، لەرێگە بۆمبى پێدا تەقیوەتەوە و کوژراوە."

ناحیەى قەرەتەپەى پارێزگاى دیالە ، هەرچەندە لە نێو ناحیەکە و دەوروبەرى هێزەکانى پێشمەرگە و حەشدى تێدا جێگیرکراون ، بەڵام تا ئێستا لەو ناوچەیە پێچەوانەى ناوچەکانى تر گرژى لەنێوانیان دا رووینەداوە.

محەمەد حاجى عومەر ، روونیکردەوە بەرپرسەکەى رێکخراوى بەدر پێشتر و لەسەردەمى بەعس دا لەکوردستان ژیاوە ، بۆیە رۆڵى هەبووە لەو تەباییەى لەناوچەکەدا هەیە.

پێشتر دەنگى ئەمەریکا بڵاویکردبویەوە، داعش هێز رەوانەى دیالە دەکات و دەیەوێت شەڕ بۆ ئەو پارێزگایە بگوێزێتەوە، ئەمەش لەپێناوى نزیک بونەوە لە بەغداى پایتەخت.

محەمەد حاجى عومەر ئاماژەى بەخراپى بارودۆخى ئەمنى پارێزگاى دیالە کرد ، روونیکردەوە داعش لەدیالە جم و جۆڵى فراوانى هەیە و لەگوندەکانى دەوروبەرى قەرەتەپە دەستگیراوە بەسەر کارگەیەکى دروستکردنى بۆمب دا، وتى"ناوچەکە فراوانە و ژمارەى هێزەکانى سوپا و حەشد زۆر کەمە ، بە شێوەیەک لە 3 گونددا 10 سەربازى تێدایە ، بۆیە دۆخەکەیان پێ‌ کۆنترۆڵ ناکرێت."

پارێزگاى دیالە لەماوەى 14 ساڵى رابردوودا پێگەى گروپە چەکدارەکان بووە ، بەڵام لەوەتەى داعش موسڵى کۆنترۆڵکرد بارودۆخى ئەو پارێزگایە بەراورد بەپێشووتر هێور بوویەوە، بەڵام لە ئێستادا کە شەڕ لە موسڵ خەریکە کۆتایى دێت دیسانەوە دۆخى ئەو پارێزگایە تێکچووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:39 0:00

XS
SM
MD
LG