Accessibility links

تاریق عەزیز کۆچی دوایی کرد


میخائیل یۆحەنـنا کە بە تاریق عەزیز ناسرابوو و یەکێـک بوو لە بەرپـرسە باڵاکانی سەردەمی سەدام حسێن ڕۆژی هەینی لە تەمەنی 79 سـاڵیدا کۆچی دوایی کرد.

عادل عەبدولحسێن ئەلدەخیلی جێـگری پارێزگاری زی قار گوتی تاریق عەزیز کە لە سەردەمی بەعسدا لە سـاڵی 1983 وە هەتا 1991 وەزیری دەرەوەی عێراق بوو پاش نیوەڕۆی هەینی لە نەخۆشخانەی فێرکاری ئەلحسێن لە شاری ناسریـیەی ناوەندی پارێزگا گیانی لەدەسـت دا.

لە لایەکی دیکە خالید حسێن بەڕێوەبەری بەندیخانەی ناوەندی ناسریـیە گوتی ڕۆژی هەینی تاریق عەزیز دووچاری نەخۆشیـیەکی دڵ بوو و بۆ نەخۆشخانە گوێزرایەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە تاریق عەزیز کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی موسڵ بوو یەکێـک بوو لە ڕاوێژکارە نزیکەکانی سەدام حسێن و بۆ ماوەیەکی درێژیش جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو. سـاڵی 2011 حوکمی زیندانی هەتاهەتایی درا بە تاوانی بێ سەروشوێنکردنی بارزانیـیەکان و سـاڵی 2012 دادگای باڵای عێراق حوکمی ئیعدامی بۆ دەرکرد بە تاوانی نەهێشتنی پارتە ئاینیـیەکان.

XS
SM
MD
LG