Accessibility links

پشکنینى DNA بۆ ڕووفاتى نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکەى سەماوە دەکرێت


بڕیارە رووفاتەکانى نێو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵەى کە لە پارێزگاى سەماوە دۆزراونەتەوە و گومان دەکرێت ڕووفاتى ئەنفالکراوەکان بن، ڕەوانەى پزیشکى دادوەرى بەغدا بکرێن بۆ پشکنین.

لە گفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگى ئەمەریکا، جەبار عومەر بەڕێوەبەرى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى گەرمیان، کە ئێستا لەگەڵ تیمى هەڵدانەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکانە لە پارێزگاى سەماوە، دەڵێت"ژمارەى ڕووفاتى نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکە بە تەواوى نازانرێت، چونکە ڕووفاتەکان بەسەر یەکەوەن."

وتیشى"زۆربەى قوربانیەکانى نێو گۆڕەکە، ژن و منداڵن، بەپێى جل و بەرگیان بێت گەرمیانین."

بەپێى وتەى جەبار عومەر، جیاکردنەوە و ژماردنى قوربانیانى نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکە ئاسان نیە، چونکە منداڵى ساواى تێدایە، بەشێک لە قوربانیەکان لە کاتى گولـلەبارانکردنیاندا، باوەشیان بەیەکدا کردووە، وتى"جیاکردنەوەى ڕووفاتى دایک و منداڵەکان لە یەکترى کەمێک قورسە، بۆیە بە بەردەوامى ژمارەى قوربانیەکانى نێو گۆڕەکە لەزیادبووندایە."

سەبارەت بە ژمارەى ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانەى لە پارێزگاى سەماوە دۆزراونەتەوە، بەڕێوەبەرى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى گەرمیان وتى"4 گۆڕى بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە، بەڵام تائێستا یەک گۆڕ هەڵدراوەتەوە، بۆیە نازانین قوربانیانى نێو سێ گۆڕەکەى تر کێن و ژمارەیان چەندە."

بەڕێوەبەرى شەهیدان و ئەنفالکراوەکانى گەرمیان، ئاشکراشیکرد ڕۆژى شەممە، تیمێکى سەربە پزیشکى دادوەرى عێراق لە بەغداوە دەچنە پارێزگاى سەماوە و ڕووفاتەکان بۆ پزیشکى دادوەرى بەغدا دەگوێزنەوە، وتیشى"ئێسک و پروسکى قوربانیەکان لە پزیشکى دادوەرى بەغدا جیادەکرێنەوە و دەژمێردرێن، پاشان پشکنینى DNA یان بۆ دەکرێت."

چاوەڕوان دەکرێت دواى ئەنجامدانى پشکنین بۆ ڕووفاتەکان و ساغ بوونەوەیان بەوەى قوربانی پرۆسەى ئەنفالن، ڕووفاتەکان بۆ ناوچەى گەرمیان بگوێزرێنەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:02 0:00

XS
SM
MD
LG