Accessibility links

عەمید دلێر شکور: لە ژوورە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپادا تاوتوێی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنیەکان و دانانی بازگەی هاوبەش دەکرێت


هێزی پێشمەرگە
هێزی پێشمەرگە

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی بەرگری عێراق، سەرقاڵی پێکهێنانی ژووری هاوبەشن لەناوچە کێشەلەسەرەکان، لە قۆناغی یەکەمدا 4 ژووری هەماهەنگی دروست دەکرێت کە بارەگای ئەو ژوورە هاوبەشانە لە ( خانەقین، کەرکوک، موسڵ و مەخمور) دەبن.

تا ئێستا بڕیار لەبارەی ژوورە هاوبەشەکانی کەرکوک و خانەقین دراوە کە ژمارەیەک ئەفسەری کورد و عێراقی تێیدا ئەندام دەبن. کاری ئەو ژوورانە گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگیری و هەماهەنگی کردنە بۆ کارەکانی پەیوەست بە نێوان سوپا و پێشمەرگە لەو ناوچانە.

عەمید دلێر شکور فەرماندەی لێوای 3 ی پیادەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە،کە پێکهێنانی ژوورە هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی بەگرنگ وەسفکرد، بەدەنگی ئەمەریکای وت"دروستکردنی ژووری هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە کێشەلەسەرەکان گرنگە، لە داهاتوودا ئەم ژوورانە دەبنە ئەڵقەیەکی پەیوەندی لەنێوان حکومەتی هەرێم و عێراق."

زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا ئاماژەبەوەدەکەن کە لەڕۆژی 17 ی ئەم مانگەوە، فەرمان بۆ دروستکردنی ژوورە هاوبەشەکەی پێشمەرگە و سوپا لەدیالە دەرکراوە، یەکشەمەش ژوورە هاوبەشەکەی کەرکوک لەبنکەی سەربازی کەیوەن دەست بەکاربوون.

سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار لە ڕێککەوتنەکان بۆ دروستکردنی ژووری هەماهەنگی نێوان سوپا و پێشمەرگە، زانیاری زیاتری بۆ دەنگی ئەمەریکا خستەڕوو، ئاماژەی بەوەکرد کاری لیژنەکان گۆڕینەوەی زانیاری و دروستکردنی هەماهەنگی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپایە بە لێکگەیشتن، کە ژوورەکان بەهاندانی هاوپەیمانان پێکهێنراون.

سەرچاوەکە، جەختیشیکردەوە"ژوورە هاوبەشەکەی کەرکوک لە کەیوەنە، بەڵام ئەوەی دیالە لە خانەقین دەبێت کە ئێستا سەرقاڵی دانانی بارەگاو دروستکردنی نوسینگەن."

هاوکات عەمید دلێر شکور، ڕوونیکردەوە دوای دروستبوونی ژوورە هاوبەشەکان، تاوتوێی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنیەکان و دانانی بازگەی هاوبەش دەکرێت، گەر خوانەخواستە گرفتێکیش ڕووبدات، ئەو ژوورە هاوبەشانە بە دانوستان چارەسەری دەکەن.

پێکهێنانی ژووری هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق تەنها بۆ هەماهەنگی کردنە، نەک ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان، کەپێکهێنانی ئەو ژوورانە هاوکاتە لەگەڵ جم و جۆڵە فراوانەکانی داعش لەو ناوچانە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:58 0:00


XS
SM
MD
LG