Accessibility links

وەزارەتی بەرگری عێراق: بە هێرشی ئاسمانی زیاتر لە 140 چەکداری داعش کوژراون


وەزارەتی بەرگری عێراق دەڵێت بە هێرشی ئاسمانی لە پارێزگای ئەنبار دەیان چەکداری داعش کوژراون و هەروەها چەندان ماشێن و ئۆتۆمبیلیش تێـکشکاون.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ پـێـنجشەممە ڕایگەیاند بە بۆردومانی فڕۆکە جەنگیـیەکانی هێزی ئاسمانی لە نزیک ناوچەی خالیدیـیە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە 60 چەکداری داعش کوژراون و 14 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویش تێـکشکێنراون و 8 بارەگای داعشیش وێرانکراون.

هەلیکۆپتەرەکانی لەشکریش 70 چەکداری دیکەی داعشیان لە کارەگەی پەینی ڕومادی کوشتووە و هەروەها لە ناوچەی تەل مەسعودی ڕومادی 11 چەکداری دیکەشیان کوشتووە و سێ ئۆتۆمبیلیان تێـکشـکاندووە کە چەکی قورسیان بەسەروەبووە.

هاوکات خالید ئەلعوبێدی وەزیری بەرگری عێراق سەردانی بەرەکانی پـێشەوەی شەڕەکەی کردووە لە نزیک ڕومادی و بە گوتەی خۆی لە ڤیدیۆیەکدا کە لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتەکەی بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت لە بنکەیەکی لەشکریدایە کە تەنها 5 کیلۆمەتر لە قەراغ شاری ڕومادیـیەوە دورە.

XS
SM
MD
LG