عێراق دەڵێت هەڵمەتی ڕزگارکردنی پارێزگای ئەنباری لە داعش دەسـتپـێـکردووە و ئێستا هێزەکانی لە پـێشڕەویدان و توانیویانە شاری فەلـلوجە گەمارۆ بدەن.
عەمید یەحیا ڕەسوڵ عەبدوڵڵا گوتەبێژی ژوری سەرپەرشتیاری ئۆپەراسیۆنەکە ڕۆژی دووشەممە لە ڕاگەیاندنێـکدا گوتی لە کاژمێری 5 ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ئەنبار دەسـتیـپێـکرد.
گوتیشی هێزەکانی لەشکر و حەشدی شەعبی و پـۆلیسی فیدراڵی و چەکدارانی خێڵەکانی ئەنبار بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەکەن و ئێسـتا لە پـێشڕەویدان بەرەو ئامانجەکانیان.
هەروەها ژمارەیەک ئەفسەری لەشکر و سەرکردە لە حەشدی شەعبی بە ئاژانسی دەنگوباس ڕۆیتەرزیان گوتووە ئامانجی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان شاری فەلـلوجە دەبێت.
دانیشتوانیش لە هەردوو شاری فەلـلوجە و ڕومادی بە ڕۆیتەرزیان گوتووە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە بۆردومان و تۆپـبارانێـکی چڕ بۆ سەر شارەکانیان دەسـتیپێـکردووە. هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکانی ناو فەلـلوجە دەسـتیانکردووە بە چۆڵکردنی شارەکەیان.
بەپـێی سەرچاوەکانی سەر بە حکومەت لە ئێسـتادا شاری فەلـلوجە گەمارۆدراوە و هێزەکانی حەشدی شەعبی گەیشتوونەتە پردی ئەلبوعەرەب لە ڕۆژئاوای فەلـلوجە. هەروەها چەندان گوند و ناوچەیان لە داعش پاککردووەتەوە.
لە لایەکی دیکە وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند 4 فڕۆکەی جۆری F16 ئەمڕۆ گەیشـتوونەتە بنکەی هێزی ئاسمانی بەلەد لە باکوری بەغدای پایتەخت، ئەمەش وەک بەشێـک لەو 36 فڕۆکەیەی جۆری F-16S کە عێراق لە ئەمەریکای کڕیون.