Accessibility links

فەرماندەیەکی لەشکری عێراق: هێزەکانمان دەروازەی سنووری ناوچەی قائیمیان کۆنترۆڵکردووە

  • VOA News

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژئاوای ئەنبار دەڵێت هێزەکانیان توانیویانە دەروازەی سنووری ناوچەی قائیم کۆنترۆڵبکەن، ئەوەی دەکەوێتە سەرسنووری سوریا لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای وڵاتەکە.

فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشیدیارالله ئەمڕۆ هەینی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ئەو هێزانەی بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی جەزیرە، کۆنترۆڵی تەواوی دەروازەی حسێبەیان کردووە لە ناوچەی قائیم.

گوتوشیەتی یەکەکانی حەشدی شەعبی ناوەندی ناوچەی کەرابیلەیان کۆنترۆڵکردووە کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی قائیمەوە، وە فیرقەی 9 ی لەشکر و هێزی 2 ی حەشدی شەعبی ناوچەکانی تەل ئەلئاغاوات و ئەلغەرە و نەهزە و بنکەی پـۆلیس و وێزگەی کارەبای سەعدەیان ڕزگارکردووە.

هاوکات هێزەکانی لەشکر و حەشد توانیویانە بچنە نێو چەند ناوچەیەکی قەراغ شاری قائیم و بەپـێی فەرماندە لەشکریـیەکانی عێراق هێزەکانیان لە پـێشڕەویدان.

پـێشتر زوویەکی ئەمڕۆ هەینی هێزەکانی عێراق بە هێزی تۆپخانە و هەلیکۆپتەر و هاوپەیمانانیش بە هێزی ئاسمانی لە شوێنەکانی داعشیان داوە لە ناوچەی قائیم.

مەزەندە دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی ناوچەی قائیم نزیکەی 150 هەزار کەس بن، لەوانە 50 هەزاریان لە ناو شارەکەن. زۆربەیان لە شەش خێڵی سنووننەی عێراقن.

بە کۆنترۆڵکردنی ئەم دەروازە سنووریـیە ڕێگەیەکی سەرەکی داعش بۆ سوریا دەبڕێت، ئەوەی بەرەو ناوچەی بوکەمالی ژێر دەستی داعش لە سوریا دەڕوات.

XS
SM
MD
LG