Accessibility links

عێراق دەڵێت قۆناغی دووەمی ڕزگارکردنی ناوچەکانی نێوان هەردوو پارێزگای موسڵ و ئەنباری دەستپـێکردووە


Iraqi security forces deploy in Rawah, northwest of Baghdad, Iraq, Nov. 17, 2017. Iraqi forces backed by the U.S.-led coalition retook the last town in the country that was held by the Islamic State group.
Iraqi security forces deploy in Rawah, northwest of Baghdad, Iraq, Nov. 17, 2017. Iraqi forces backed by the U.S.-led coalition retook the last town in the country that was held by the Islamic State group.

فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ناوچەی جەزیرەی نێوان هەردوو پارێزگای موسڵ و ئەنبار لە داعش دەسـتیپـێکرد.

فەیسبوکی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئەمڕۆ هەینی پەیامێکی فەریق ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارە الله فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەی بڵاوکردەوە کە تیایدا نووسیویەتی هێزەکانی لەشکر و حەشدی شەعبی دەسـتیانکردووە بە ئۆپەراسیۆنێکی گەورە بۆ پاککردنەوەی ناوچەکانی جەزیرەی نێوان نەینەوا و ئەنبار لە چوارچێوەی قۆناغی دووەم لە ئۆپەراسیۆنی جەزیرە و ناوچەکانی سەروو ڕووباری فورات.

حەشدی شەعبیش لای خۆیەوە دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی ڕاگەیاند و ئەویش لەسەر فەیسبوکی خۆی نووسیویەتی لەگەڵ لەشکر دەسـتیانکردووە بە ئۆپەراسیۆنێکی فراوان.

جێی ئاماژەیە لە 27 ی مانگی یازدە عەمید یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی فەرماندەیەتی هێزە هاوبەشەکان گوتی هێزەکانیان توانیویانە 50% ی ئەو ناوچە بیابانیـیە لە داعش ڕزگاربکەن کە دەکاتە 29 هەزار کیلۆمەتر دووجا.

ئەگەربێت و هێزە عێراقیـیەکان بتوانن ئەو ناوچەیە لە داعش پاکبکەنەوە و بگەنە سەر سنووری وڵاتەکەیان لەگەڵ سوریا، ئەوا داعش دەسەڵاتی لە هیچ ناوچەیەکی عێراقدا نامێنێت.

ئیمانۆئێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا ڕۆژی پـێنجشەممە پـێشبینی کرد بەر لە کۆتایی ئەمساڵ حکومەتی عێراق ڕزگارکردنی تەواوی وڵاتەکە لە داعش ڕابگەیەنێت.

XS
SM
MD
LG