Accessibility links

داعش بە دوای خۆیدا لە ئەنبار دوژمنایەتی و کێشەی لە نێو خێڵە سووننەکان جێهێشتووە

  • VOA News

ژمارەیەک لە ڕێبەرانی خێڵە سووننەکان لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق دەڵێن هەرگیز لەو کەسانەیان خۆش نابن کە پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردبوو، دەشڵێن دەبێت سزابدرێن.

لیوا ڕوکن ئیسماعیل ئەلمحەلاوی، فەرماندەی پـێشووی ئۆپەراسیۆنە لەشکریـیەکان لە پارێزگای ئەنبار کە سەر بە خێڵی ئەلبومحەلەیە، بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوتووە ڕێبەرانی خێڵەکەی کۆبوونەوەیەکیان کردووە لەگەڵ ڕێبەرانی خێڵەکانی دیکەی شارۆچکەی قائیم و ناوچەکانی دەوروبەری و هەموویان ڕێکەوتوون کە یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن لە بەرامبەر پـێشێلکاریـیەکانی داعش و ئەوانەشی پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردبوو یان بەیعەتیان کردبوو.

گوتیشی کاتێک بۆ قائیم گەڕانەتەوە هیچ کام لەو کەسانەیان لە شارەکە نەبینیوە کە چووبوونە پاڵ داعشەوە، بۆیە پـێدەچێت بەرەو ناو خاکی سوریا هەڵهاتبن.

ناوبراو کە خەڵکی شارۆچکەی عوبێدی نزیک قائیمە، گوتی چەکدارانی داعش کە لە ساڵی 2014 دەستیان بەسەر ماڵەکەی گرتبوو، بە تاڵان بردوویانە و پاشان کردوویانە بە زیندان بۆ ئەو سەرباز و پـۆلیسو عێراقیانەی دەسـتگیریان کردبوون، وە دواتر بۆمبڕێژیان کردووە و تەقاندویانەتەوە.

لە لایەکی دیکە کاربەدەسـتێکی ئاسایشی لە ئەنبار بە فڕانس پـرێسی گوت تۆڵە سەندنەوە لە شارۆچکەی عوبێدی دەستیپـێکردووە و هەروەها بە شێوەیەکی گشتی لە ناوچەی قائیم کە بەر لە داعش نزیکەی 150 هەزار کەس ژمارەی دانیشتوانی بوون و زۆربەیان لە شەش خێڵی سووننەی ناوچەکە بوون.

کاربەدەستەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت گوتیشی چەکدارانی خێڵی بوشەرجی لە شارۆچکەی عوبێدی لەم دوایـیانە ماڵی کەسێکی خێڵەکەیان تەقاندەوە کە پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو. پـێشتر خێڵەکە حاشایان لەو کەسە کردبوو.

ئەمە یەکەم حاڵەتی تۆڵەسەندنەوەیە لە عوبێدی، بەڵام لەسەر ئاستی پارێزگای ئەنبار ئەمە یەکەم جار نیـیە. پـێشتر لە شاری ڕومادی و گوندەکانی دەوروبەری ماڵی ئەندامانی داعش وێرانکران.

محەمەد ئەلمحەمەدی سەرۆکی ئەنجومەنی شارۆچکەی هیت لە ئەنبار ئەویش بە فڕانس پـرێسی گوت چەند مانگێک لەمەوبەر هەندێک لەو خێزانانەی بەدەست داعشەوە زیانیان بەرکەوتبوو داوایانکردبوو خێزانی داعشەکان لە شارۆچکەکەیان دەربکرێن.

گوتیشی ماڵی ئەندامێکی داعش لە هیت تەقێنراوەتەوە و ماڵی یەکێکی دیکە سووتێنرا و هەندێک لە خێزانەکانی داعش بۆمبی دەنگیان بۆ هەڵداون، ئەمەش وایکردووە بەشێک لەو خێزانانە ناچاربن شارەکە جێبهێڵن. باسی لەوەش کرد نازانرێت ئەوانەی هێرشەکان دەکەن کێن.

شێخ عەواد ئەلدەلمە شێخی خێڵی بودەلمە کە لە ناوچەی ڕومادیە دەڵێت لیستێکی بە ناوی 267 تێرۆرستی داعش نووسیوە کە ئامۆزایانەی خۆی و کەسانی خێڵەکانی دیکەی وەکو بوشەعبان و بوذیاب و جەنابین.

چاودێران دەڵێن داعش ڕۆیشت بەڵام بە دوای خۆیدا جگە لە کوشتار و ماڵوێرانی، کۆمەڵێـک دوژمنایەتی و کێشەی کۆمەڵایەتی گەورەی خستووەتەوە کە ڕەنگە بۆ دەیان ساڵ درێژە بکێشن.

XS
SM
MD
LG