Accessibility links

لە هێرشێـکی داعش بۆ سەر بارەگایەکی لەشکری عێراق لە ئەنبار 10 سەرباز کوژراون

  • VOA News

کاربەدەسـتانی عێراق دەڵێن لە هێرشێکی داعش بۆ سەر بارەگایەکی لەشکری لە نزیک شاری ڕوتبەی پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە بە لایەنی کەم 10 سەربازی عێراقی کوژراون.

ئەفسەرێـک بە پلەی موقەدەم بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند هێرشەکە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە کراوەتە سەر بارەگای فیرقەی یەک لە ناوچەی سەکار لە ڕۆژهەڵاتی شاری ڕوتبە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 10 سەرباز گیانیان لەدەسـتداوە و 6 سەربازی دیکە برینداربوون.

ئەفەسەرێـکی دیکەش گوتی لە دەوروبەری 5 ی بەیانی بە خومپارە و ئارپـیجی هێرش کراوەتە سەر بارەگاکە و بە دوایدا بۆ ماوەی نزیکەی 2 کاژمێر شەڕە تەقە بەردەوامبووە و پاشان چەکدارەکانی داعش بەرەو ناوچە بیابانیـیەکان کشاونەتەوە.

جێی ئاماژەیە ڕوتبە نزیکەی 390 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای بەغدای پایتەختەوە دورە و دەکەوێتە ناوچەیەکی بیابانی نزیک سنورەکانی سوریا و ئوردن و سعودیـیە.

لەم مانگانەی دوایی هێزەکانی پاسەوانی سنور و لەشکری عێراق لەو ناوچەیە چەندان جار هێرشیان کراوەتەسەر.

XS
SM
MD
LG