Accessibility links

حکومەتى عێراق ناحیەى ئامرلى کردە قەزاو گومان دەکرێت پلانى بەپارێزگاکردنى خورماتوش داڕێژرابێت


حکومەتى عێراق بریارى بۆ بەقەزا کردنى ناحیەى ئامرلى سەربە قەزاى خورماتو دەرکرد بەبێ‌ ئەوەى بۆچونى ئیدارەى خورماتو وەربگرێت ، هەروەک بەرپرسانى کوردیش دەڵێن پلانى بە پارێزگا کردنى خورماتوش لەئارادایە.

شەلال عەبدول قایمقامى قەزاى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بریارى بەقەزاکردنى ناحیەى ئامرلى بێ‌ وەرگرتنى رەزامەندى ئیدارەکەى ئێمە پیلانگێریە."

قایمقامى خورماتو، روونیکردەوە ناحیەى ئامرلى پێویستە بکرێتە گوند نەک قەزا ، چونکە لەکۆى 49 هەزار کەسى دانیشتوى ناحیەکە و دەوروبەرى ، 30 هەزار کەسیان ئاوارەن ، وتى"بۆ بەقەزاکردنى ئامرلى بۆچونى ئیدارە و ئەنجومەنى قەزاى خورماتو ، لەگەڵ زۆرینەى ئەنجومەنى ناحیەى ئامرلیش وەرنەگیراوە کە عەرەبى سونەن."

ناحیەى ئامرلى سەربە قەزاى خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین کە بریارى بە قەزاکردنى دراوە ، بەشێک لەدانیشتوانەکەى تورکمانى شیعەن و زۆربەى یەکە ئیداریەکانی ناحیەکەش لەلایەن ئەوانەوە بەرێوەدەبرێت و حەشدى شەعبیش تێیدا باڵادەستە.

عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى و ئەندامى ئەنجومەنى قەزاى خورماتو، بریارى بە قەزاکردنى ئامرلى بەگرنگ وەسفکرد ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئامرلى بەرەنگارى داعش بویەوە ، ناوچەیەکى ستراتیژیە و مافى خۆیەتى بکرێتە قەزا."

دەرکردنى بریارى بەقەزاکردنى ناحیەى ئامرلى بێ‌ گەرانەوە بۆ رِاى کورد و عەرەبى سونە ، لەکاتێکدایە بەرپرسە کوردەکان گومانى ئەوە دەکەن کە بریارى بەپارێزگا کردنى خورماتوش لەبەغدا دارێژرا بێت کە ئەم بریارەش ئامانجێکى زۆر گەورەترى لەپشتەوەیە.

بەرپرسە کوردەکان بۆچونیان وایە حکومەتى عێراق لەسەر داواى ئێران، دەیەوێت خورماتو بکاتە پارێزگا و لەم رێگەیەوە پارێزگایەکى نوێ‌ ى شیعى لەناو جەرگەى ناوچە سونیەکاندا دروست بکات ، بەتایبەت ئەم قەزایە دەکەوێتە سەر رێگەى سەرەکى کەرکوک و موسڵ و دەتوانرێت بەم پلانە هێڵێکى ئارام بەرەو سوریا ببرێت.

شەلال عەبدول ى قایمقامى خورماتو، نەیشاردەوە کە پلانى گەورەتر بەرێوەیە و بیستوشیانە بەشێک لەپلانەکە بە پارێزگاکردنى خورماتوە.

لەبەرانبەریشدا عەلى حسێنى ، دارشتنى پلانى بەپارێزگاکردنى خورماتوى لەلایەن بەغداوە رەتنەکردەوە ، وتى"خورماتو جێگەیەکى ستراتیژیە ، گەر بکرێتە پارێزگا لەچوارچێوەى عێراق دا دەبێت."

قەزاى خورماتو لەئێستادا بەشى زۆرى قەزاکە لەژێر کۆنترۆڵى حەشدى شەعبى دایە ، بەڵام بەشێک لەناو قەزاکە و ناوچەکانى دەوروبەرى پێشمەرگەیان تێدایە ، کە بەردەوام بەغدا هەوڵى ناردنى زیاترى هێزى حەشدى شەعبى بۆ ناوچەکە دەدات و پێشمەرگەش رێگرى دەکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:04 0:00

XS
SM
MD
LG