فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا دەڵێت شکستیان بە هێرشی خۆکوژی بۆ سەر بنکەیەکی پـۆلیس هێناوە لە ڕۆژئاوای بەغدا، بەڵام پـۆلیسێـک گیانی لەدەسـتداوە و 3 کەسی دیکە برینداربوون.
عەمید سەعەد مەعەن گوتەبێژی فەرماندەیەتی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا ئەمڕۆ پـێـنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی 3 خۆکوژ هەوڵیان دابوو خۆیان لە نێو بنکەی پـۆلیسی ئینتسار بتەقێنـنەوە کە دەکەوێتە ناوچەی زێدانی ئەبو غرێب لە ڕۆژئاوای بەغدا، بەڵام هێزەکانی پۆلیس لێـیان هاتوونەتە دەست و لە دەرەوەی بنکەی پـۆلیسەکە کوشتویانن.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەتد پـرێس بە شێوەیەکی دیکە باس لە هێرشەکە دەکات و دەڵێت پۆلیسێـک گوتویەتی 2 خۆکوژ بوون، یەکەمیان خۆی لە بەردەم بنکەکە تەقاندوەتەوە و پاشان خۆکوژی دووەمیان توانیویەتی بچێتە ناو بنکە و لەوێ خۆی تەقاندووەتەوە. لە ئاکامی هەردوو تەقینەوەکە بە لایەنی کەم 5 پـۆلیس کوژراون و 12 پـۆلیسی دیکە برینداربوون.
ئاژانسەکە دەشڵێت کاربەدەسـتانی تەندروسـتی ژمارەی قوربانیـیەکانی هێرشەکەیان پشـتڕاستکردووەتەوە.