Accessibility links

عەبادی فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوە بکرێت لەسەر شوێنێـکی دەسـتگیرکردن لە وڵاتەکەی


سەرۆک وەزیری عێراق فەرمانی کردووە لێکۆڵینەوە لەو بەندیخانەیە کاتیـیە بکرێت کە ڕێکخراوی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ دەڵێت زیاتر لە 1000 کەس تیایدا لە دۆخێـکی نامرۆیانە دەسـتگیرکراون بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێـکیان ئاڕاستەکرابێت.

پـێشتر لەم هەفتەیە ڕێـکخراوی ئەمنستی گوتی هێزەکانی دژە تێرۆری عێراق لە عامریـیەی فەلـلوجەی ڕۆژئاوای بەغدا چەند عەمبارێـکی چۆڵکراویان کردووە بە شوێنی دەسـتگیرکردن و لێکۆڵینەوە و 683 پـیاو و گەنج و نەوجەوانیان تیایاندا دەسـتگیرکردووە کە هەندێـکیان تەمەنیان 15 سـاڵە. دەشڵێت دەسـتگیرکراوەکان خەڵکی پارێزگای ئەنباری زۆرینە سووننەن و گومانیان لێدەکەن لەگەڵ داعش هاوکاریـیان کردبێت.

عەبادی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەگەڵ سلیل شیتی سکرتێری گشتی ئەمنستی کۆبووەوە و بۆی ڕاگەیاند کە عێراق لەم کاتەی وا نزیک دەبێتەوە لەوەی 3 سـاڵە شەڕی داعش دەکات، پابەندە بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی خەڵکی سیڤیل، بۆیە فەرمانی لێکۆڵینەوە لەم بارەیەوە دەدات.

XS
SM
MD
LG